یەکەمین فێستیڤاڵی رامان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە 29/11/2023، چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی رامان، لە هەولێر دەستیپێکرد و دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا چەند پانێڵێک لەژێرناوی زمان و کولتوور، ئەدەب و کولتوور، کورد و گوتاری توندڕەوی و هونەری وەرگێڕان بە ڕێوەدەچن.

هێرۆ مەولودی پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە رایگەیاند، ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەر و رۆشنبیر و هونەرمەندانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداریان لەو فێستیڤاڵەدا کردووە.

یونس رەزایی، نووسەر و شاعیر کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی رامان هاتووەتە هەولێر بە کوردستان24ی گوت: "گۆڤاری رامان کە کۆکەرەوەی هەموو قەڵەمە جیاوازەکان بوو، ئومێد دەکەین فێستڤاڵەکەش کە بەناوی ئەو گۆڤارەیە بتوانێت هەمووان کۆبکاتەوە و لێرە گفتوگۆ لەبارەی شوناسی کورد و زمانی کوردی بکەین".

گۆڤاری رامان، گۆڤارێکی مانگانەیە و لە 11/6/1996 یەکەم ژمارەی لێدەرچووە، ماوەی 27 ساڵە بە پشوو درێژییەوە لەژێر ناوی "نوێخوازی، عەقڵانییەت، داهێنان" دەردەچێت، تائێستا 314 ژمارەی بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆش یەکەمین فێستیڤاڵی رامان بەناوی ئەو گۆڤارەوە لە هەولێر دەستیپێکرد و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.