هۆنگ کۆنگ.. یانه شه‌وانه‌كان بۆ بەساڵاچووان یارمەتیده‌رن بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ته‌نیاییدا
K24 - هەولێر:
پۆلی چان بە چاوی داخراوەوە لەناو سەنتەرێكی کۆمەڵایەتی بۆ بەساڵاچووان کە لە یانەیەکی شەوانە دەچێت لە هۆنگ کۆنگ به‌ملاوبه‌ولادا ده‌كه‌وێت و ده‌جووڵێته‌وه، له‌لای خۆیانه‌وه پسپۆڕان لە تەنیایی وێرانەی و بەساڵاچووان نیگەرانن و پێیان وایه دیسكۆ و یانه شه‌وانه‌كان و سه‌ماكردن به‌تایبه‌ت بۆ به‌ساڵاچووان یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی باری ده‌روونیان باشتر بێت.
پۆلی چان تەمەن 71 ساڵە و لەگەڵ نزیکەی 30 کەسی دیکە بەشداری بەرنامەیەکی تاقیکاری دەکەن بە ناوی "نیوەڕۆ – دی" یان "دیسکۆی پاشنیوەڕۆ"، کە بۆ کۆتاییهێنان بەو تەنیاییەی کە بەساڵاچووان لە هۆنگ ئەزموونی دەکەن، دروستکراوە.
چان کە خۆی بە "یاخیبوو" وەسف دەکات و دەڵێت لە تەمەنی هەرزەکاریدا زۆر سەردانی یانە شەوانەکانی کردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه نەیتوانیوە بە خێزانەکەی بڵێت کە دڵخۆش نییە و دواتر یانه و سەماگاکە بووه‌ته دەرچەیەک بۆی.
ئه‌و خانمه هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، لەگەڵ خەڵکێکی زۆر ناژییت بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بکات، بۆیه کاتێک سەما دەکات هەست بە باشتربوونی باری ده‌روونی دەکات.
لە مانگی تەممووزی ئه‌م ساڵه‌وه، سەنتەری کۆمەڵایەتی کە بە تۆپی دیسکۆ و گڵۆبی درەوشاوە رازاوەتەوە، هەفتانە وانەکانی سەما ساز دەکات.
لای سیم فۆنگ بەڕێوەبەری بەرنامەکە، ، باس له‌وه ده‌كات بیرۆکەکە لەو سەنتەرانە سەریهەڵداوە کە بۆ بەساڵاچووان لە هۆنگ کۆنگ دیاریکراون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی پشت بەرنامەکە بە شێوەیەکی سەرەکی زاڵبوونە بەسەر ئەو تەنیایی و نەبوونی ژیانی کۆمەڵایەتییە کە بەساڵاچووان بەدەستییەوە دەناڵێنن"، لەکاتێکدا "زۆرێک ئارەزووی جێهێشتنی ماڵەکانیان لەدەستداوە".
ئامادەبوونی تەواو لە کۆبوونەوەکانی دیسکۆی پاشنیوەڕۆدا تۆمار دەکرێت، بەڵام لای سیم فۆنگ پێی وایە کە پڕۆژەکە بە بەراورد بە پێداویستییە راستەقینەکانی ئەم بەشەی دانیشتووان لە هۆنگ کۆنگ بەس نییە.
پێشبینی ده‌كرێت تاوه‌كو ساڵی 2050 رێژه‌ی دانیشتووانی هۆنگ كۆنگ ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 65 ساڵیدایه، بگاته 40،6%، به‌م پێیه‌ش وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاندووه، ده‌بێته به‌رزترین رێژه‌ی ته‌مه‌ن له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا.
له راپرسییەکدا کە زانکۆی هۆنگ کۆنگ لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2022 ئەنجامیداوه، ئاماژە بەوە دەکات یەک لەسەر سێی پێنج هەزار کەسی بەساڵاچوو کە بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە، لانیکەم بە یەک نیشانە دەناڵێنن، لەوانە خەمۆکیی یانیش دڵەڕاوکێ و تەنیایی.
لە نێو ئەو بەساڵاچووانەی کە منداڵ و نەوەکانیان شارەکەیان بەجێهێشتووە، نزیکەی 70%ـایان خه‌مۆكن، لەکاتێکدا نزیکەی 80%ـیان مەترسییەکی زۆریان لەسەرە بۆ "دابڕان و گۆشه‌گیری کۆمەڵایەتی".
هۆنگ کۆنگ بەپێی راپرسی و زانیارییه‌كانی رێکخراوی ناحکومی "ساماریتان هاوڕێیەتی هۆنگ کۆن"، له ساڵی 2022 ژمارەیەکی پێوانەیی خۆکوشتنی تۆمارکردووە، کە 1080 حاڵەتی خۆکوشتنی تۆمارکراوه‌کە زیاتر لە 40%ـی ئەو حاڵەتانە لەناو کەسانی سەروو تەمەنی 60 ساڵدا بوونه.
له‌وباره‌یه‌وه هایمانس وۆنگ، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت "رێژەی بەساڵاچووان کە داوای یارمەتی دەکەن سنووردارە، چونکە کاتێک تووشی کێشەی دەروونی دەبن، هەست دەکەن کە بارگرانییەک پێکدەهێنن" لەسەر کەسانی دیکە.