تیمێکی کوالێتی کۆنتڕۆڵ پشکنین بۆ چەند دەرمانخانەیەکی قوشتەپە دەکات

K24 – هەولێر:

تیمێک لە کوالێتی کۆنتڕۆڵ لەسەر سکاڵای هاووڵاتیان پشکنینیان بۆ چەند دەرمانخانەیەکی قەزای قوشتەپە کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر سکاڵای بەشێک لە هاووڵاتییانی قەزای قوشتەپە لەسەر بەشێک لە دەرمانخانەکانی قەزاکە، تیمێکی کوالێتی کۆنترۆڵ سەردانی قەزاکەیان کردووە و بۆ ئەوەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ سکاڵاکان بکەن.

لەلایەن خۆیەوە دکتۆر گۆڤەند رەوەند، بەرپرسی بەشی چاودێریی بازاڕ لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی دەرمان لەمبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە هێڵی گەرمی سکاڵامان هەیە کە هاووڵاتییان دەتوانن لەهەر شوێنێک شتێکی نامۆ ببینن لە رێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنەی کە بڵاویان کردووەتەوە پەیوەندیان پێوەبکەن، دواتر تیمەکانی کوالێتی کۆنترۆڵ سەردانی شوێنەکە دەکەن و بەدواداچوون دەکەن.

گوتیشی: هاووڵاتییان دەتوانن سکاڵای خۆیان بگەینن لە رێگەی ئەو ژمارەی تەلەفۆنەی کە لەسەر (QR) کۆدی سەر ستیکەر هەیە، هاووڵاتییان دەتوانن سکانی بکەن و ژمارە تەلەفۆنەکەیان دەستبکەوێت.

رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، وەزارەتی تەندروستی جەخت لە سەرجەم دەرمانخانە و سەنتەر و نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکاتەوە خۆیان بە دوور بگرن لە دەرمان و پێداویستی پزیشکی بێ ستیکەر و نافەرمی و هاووڵاتییانیش ئاگاداردەکاتەوە، هۆشیاربن لەکاتی کڕینی دەرمان بەنرخی فەرمی سەر ستیکەر و دڵنیابوونەوە لە هەبوونی ستیکەری ئەلیکترۆنی.

لەگەڵ ئەوەشدا، وەزاەرتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتی هەستکردن لە نەبوونی ستیکەر یان نرخی گرانتر لە نرخی فەرمی، دەستبەجێ پەیوەندی بە هێلە گەرمەکانی چاودێری دەرمان بکەن بە ژمارەی مۆبایلی راستەوخۆ، واتسئەپ و ڤایبەر (07502356000).