گۆتێرێز: پێویستە هەموو بارمتەکان بەبێ مەرج ئازاد بکرێن

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان
ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان

K24 – هەولێر:

ئەمینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رایگەیاند؛ گفتوگۆی چڕوپڕ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بەردەوامە، ناوبراو گوتیشی: خەڵکی غەززە پێوسیتیان بە گەیاندنی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەکانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (29ـی تشرینی دووەمی 2023) ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ئاماژەی بەوەدا، 80%ـی خەڵکی غەززە ناچاربوونە شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن، هەروەها ژمارەی ئەو منداڵانەی کە لە غەززە کوژراون لە هیچ شەڕێکی دیکە ئەو ژمارە زۆرە نەکوژراوە.

ئەمینداری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، دەڵێت: 111 کارمەندی نەتەوەیەکگرتووەکان لە غەززە کوژراون، هەروەها گوتیشی: خەڵکی غەززە پێویستیان بە گەیاندنی بەردەوامی یارمەتییە مرۆییەکانە.

گۆتێرێز، باسی لەوەشکرد، گفتوگۆی چڕوپڕ بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشدا، "لە سەرەتای شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە زیاتر لە 14 هەزار کەس کوژراون".

لەلایەکی دیکەوە وەزیری دەرەوەی فەڵەستین رایگەیاند، "ئیسرائیل زیاتر لە 15 هەزار هاووڵاتی سڤیلی لە غەززە کوشتووە".

سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کرد، کە 11 بارمتەی ئیسرائیلی لە غەززە رادەستی بەرپرسانی خاچی سوور کراون بە مەبەستی هێنانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان.

لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی ئاڵوگۆڕی دیل کە لە میانی لێکتێگەیشتنی نێوان حەماس و ئێسرائیل هاتووتە ئاراوە، تا ئێستا 51 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد کراون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، ماجید ئەلئەنساری، لە روونکردنەوەیەکیدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرامبەر 11 بارمتەی ئیسرائیلیدا 33 هاووڵاتی فەڵەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیلدا ئازاد دەکرێن.

ئەنساری ئاماژەی بەوەشکردووە، کە 33 دیلەکە سێیان ژن و 30یان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵن.

رۆژی دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) بە نێوەندگیری قەتەر ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە.

ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە رۆژی (24ـی تشرینی دووەمی 2023)، چووە بواری جێبەجێکردنەوە، تائێستا زیاتر لە 50 بارمتەی ئیسرائیلی و 150 زیندانی فەڵەستینی ئازاد کراون.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.