سوودانی: ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە ژمارەی قوربانییانی شەڕی داعش نزیکدەبێتەوە
K24 - هەولێر:
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ژمارەی رووداوەکانی هاتووچۆ لە عێراق لە هەر کاتێکی دیکە زیاترە و خەریکە لە ژمارەی قوربانییانی شەڕی داعش نزیکدەبێتەوە، ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر مەترسیدارە.
محەمەد شیاع سوودانی دەشڵێت، کێشەیەکی گەورە لە رێگاوبانی ئێمەدا هەیە و پێویستە داهاتەکانی هاتوچۆ بۆ رێگاوبانەکان تەرخان بکرێتەوە.
سوودانی ههروهها گوتی: "لە چلەی ئیمام حوسەیندا، ژمارەی رووداوەکان کارەساتبار بوو، بە تایبەت بۆ سەردانیکەرانی بیانی، کەواتە کێشیەکی راستەقینە لە رێگاوبانەکانی ئێمەدا هەیە، بۆیە پێویستە کارە لەپێشینەکانمان رێکبخەینەوە و ئەو سەرپێچی و داهاتانەی وەردەگیرێن بۆ رێگاوبانەکان تەرخان بکرێتەوە".
بە گوێرەی دوایین ئاماری بهڕێوهبهرایهتی گشتیی هاتووچۆی عێراق، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان، گەیشتووەتە حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل.
عهمید زیاد قهیسی، بهڕێوهبهری راگهیاندن و پهیوهندییهكانی هاتووچۆی عێراق پێشتر رایگهیاندبوو، ژمارەی ئۆتۆمبێل لە بەغدا دەگاتە چوار ملیۆن ئۆتۆمبێل، لە هەموو عێراقیش حەوت ملیۆن ئۆتۆمبێل جگە لە هەرێمی کوردستان ههیه.