فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هاوکاریی گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی بۆ غەززە دەکات

رەوانەکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە
رەوانەکردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە

K24-هەولێر:

فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا هاوکاری ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی دەکات بۆ گواستنەوەی 54 هەزار پاوەن هاوکاریی و پێویستی پزیشکیی و خۆراک بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە.

ئەمڕۆ چوارشەممە(29-ی تشرینی دووەمی 2023)، فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، هاوکاری ئاژانسی ئەمریکایان بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کردووە لە گواستنەوەی زیاتر لە 54 هەزار پاوەن هاوکاریی پزیشکیی و خۆراک بۆ کەرتی غەززە لەرێگەی فڕۆکەی(سی-17).

بەپێی ئەو زانیارییانەی فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بڵاوی کردۆتەوە، ئەو فڕۆکەیە یارمەتییەکان دەگەیەنێتە میسر بۆ ئەوەی لە رێگەی دامەزراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان دابەش بکرێت.

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاشکرای کردووە، رۆژانی داهاتوو هاوکاری زیاتری مرۆیی لە رێگەی ئاسمانیەوە دەگەیەننە غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندار بوون.

هەروەها تاكو ئێستا بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

کارزان حەیدەر