مه‌حموود عگێلی: ئەوەی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت ستەمێکی راستەقینەیە

مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌
مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌

K24 – هەولێر:

ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، دەڵێت: ئەوەی حکومەتی فیدراڵی بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەیکات تاوانێکی مرۆییە، گوتیشی: هەولێر بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی سوودانی دەستپێشخەربوو.

مه‌حموود عگێلی، ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، هەڵوێستەکانی دادگای فیدراڵی هەمیشە دژی هەرێمی کوردستان بووە، ئەم جۆرە بە ئامانجکردنە بە هەموو شێوەیەک رەتکراوەتەوە هیچ لۆژیکەکی تێدا نییە، چونکە هەرێمی کوردستان پێکهاتەیەکی سەرەکی عێراقە و هەموو رێز و ستایشێکی هەیە لە عێراق، بۆیە ئێمە ئەو بە ئامانجکردنانە دەبینین و هیچ پاساوێک بەرامبەر بەو دوژمنکارییە نییە کە لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێت.

ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، دەڵێت: بابەتە دەستوورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و مافی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان هەمیشە رەتدەکرێنەوە و دوژمنایەتی دەکرێن، ئەمەش وادەکات حزبی ئوممە لەسەر ئەو پێشێلکارییانە بێتە وەڵام.

مه‌حموود عگێلی، هەروەها راشیەگەیاند، سەرکردایەتی حزبی ئوومەی عێراقی پڕۆژەیەکی سیاسی بەرجەستە دەکات بۆ تەواوی عێراق، گرنگی بەو لایەنانە دەدات کە ستەمیان لێکراوە، "بۆیە بینیمان لە سەرکردایەتی خۆمان کە ئەوەی روودەدات بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ستەمێکی راستەقینەیە، قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبڕدرێت، بۆیە لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپسیارێتیمان بڕیارماندا سکاڵایەک لە دادگای فیدراڵی تۆماربکەین و داوامنکرد کە پێویستە دادپەروەری بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بەرقەراربێت".

ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، ئاماژەی بەوەدەکات، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و نابێت چیدیکە ستەمیان لێبکرێت و ئەوە مایەی قبوڵ نییە.

مه‌حموود عگێلی، گوتی: "لە دوێنێوە کار لەسەر ئەوە دەکەین لەگەڵ هەندێک کەسایەتی لە کورد و لەوانەی کە لەنێو حزبی ئوومەدان بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوایەک لە دادگا پێشکەش بکەینەوە، لە بەرامبەر هیچ بڕیارێکیش ناوەستین، هەروەها پێویستە حکومەتی فیدراڵی بەرامبەر بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دادپەروەر بێت، چوونکە ئەوانە فەرمانبەری حکومەتی فیدراڵشین دەبێت مافەکانیان لەبەر چاو بگیرێت".

ئه‌مینداری گشتیی حزبی ئوممه‌، روونیکردەوە، نەناردنی مووچەی بۆ هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و کارتێکی فشارە و دژی هەرێمی کوردستان بەکار دەهێنرێت، کە چەندین ساڵە بەرامبەریان دووبارە دەکرێتەوە و، بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوانێکی مرۆییە، هیچ یاساێک و ئاکارێکی ئاسمانی دان بەم کارە نانێت، چەند لایەنێکی سیاسی لە عێراق و لە دەرەوە نایانەوێت کە عێراق سەقامگیر بێت، چاویشیان بەوە هەڵنایەت کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان ئێستا لەبەردەم ئاوەدانبوونەوە و شۆڕشێکی سەقامگیری و ئاشتی دایە.

مه‌حموود عگێلی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتەکەی سوودانی هەرگیز دروستنەدەبوو ئەگەر هەولێر دەستپێشخەری نەکردبا، ئەو دەستپێشخەرییەی کە سەرۆک بارزانی پێشکەشی کرد بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق پێکبهێندرێت، یەکەم شکستیش بۆ ئەوە حکومەتە ئەوە بوو کە لە جێبەجێکردنی یاسای بودجە کردیان کە تاکلایەنانە بڕیاریان لەسەردا.