هێنری کیسنجەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد

هێنری کیسنجەر
هێنری کیسنجەر

K24 - هەولێر

هێنری کیسنجەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا لە تەمەنی 100 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

گرووپی کیسنجەر ئەسۆشیەتس بڵاویکردەوە، هێنری کیسنجەر وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، لە تەمەنی 100 ساڵی و لە ماڵەکەی خۆیدا لە ویلایەتی کۆنیتیکەتی ئەمەریکا کۆچی دوایی کرد.

کیسنجەر بە ئەندازیاریی سیاستەی دەرەوەی ئەمەریکا و بونیاتنانەوەی پەیوەندیی نێوان وڵاتان لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی ناسراوە.

هێنری کیسنجەر رۆڵێکی کاریگەری هەبوو لە نزیککردنەوەی دیدگای ئەمەریکا لەگەڵ هەریەکە لە رووسیا و چین لە ساڵانی حەفتاکان، بەهۆی هەوڵەکانیشیەوە بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست لە ڤێتنام، لە ساڵی 1973 خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی پێبەخشرا.

کیسنجەر، خاوەنی 21 کتێبە لە بوارەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتی و پەیوەندی نێوان گەلان.

 کیسنجەر بە یەکێک لە دیارترین وەزیرەکانی دەرەوە دادەنرێت لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، بەو پێیەی لە ماوەی نێوان ساڵانی 1969 تا 1977دا رۆڵێکی بەرچاوی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هەبووە.

هێنری کیسنجەر، تا دوا ساتەکانی ژیانی وەک سیاسیەکی بە ئەزموون گوتەکانی سەبارەت بە سیاسەتی ئەمەریکا و جیهان لە میدیاکان بڵاو دەکرایەوە. دوایین پرسیش کە لەبارەیەوە دوا شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس بوو، کە ئەو بە دەستدرێژی بۆ سەر ئیسرائیل وەسفی کرد و هۆشداری لە پەرەسەندنی ئەو شەڕەدا لە ناوچەکە.

کیسنجەر، چەند پۆستێکی دیپلۆماسی ئەمەریکای پێسپێردراوە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بووە پاشان لە ساڵی 1973 کراوە بە وەزیری دەرەوە.

هێنری ئالفرێد کیسنجەر، لە 27ی ئایاری 1923 لە هەرێمی باڤارییای ئەڵمانیا لەدایکبووە، دواتر بەهۆی هەڕەشەی نازییەکان لەگەڵ بنەماڵەکەی کۆچییان کردووە بۆ ئەمەریکا و لە ویلایەتی نیویۆرک نیشتەجێبوونە، لە ساڵی 1943 مافی هاووڵاتی بوونی لە ئەمەریکا پێدراوە، دواتر بووەتە سەرباز لە سوپای ئەمەریکاو چەندین پلەی سەربازی پێسپێردراوە.

کیسنجەر، سەرەتا ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بوو، دواتر وازی لەو پارتە هێناوەو بووەتە ئەندامی پارتی کۆمارییەکان، ئاواتی ئەوەی هەبووە ببێت بە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام لەبەر ئەوەی لە دایکبووی ئەمەریکا نەبوو ئەو ئاواتەی نەھاتەدی.

.
.
.
.