نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان: ئامانجی حەماس لەناوبردنی ئیسرائیلە

گیلاد ئێردان، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان
گیلاد ئێردان، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان

K24 - هەولێر

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، دوو لەسەر سێی کوژراوانی غەززە منداڵ و ئافرەتن. نوێنەری ئیسرائیلیش لە رێکخراوەکە دەڵێت، "ئامانجی حەماس لەناوبردنی ئیسرائیلە".

رۆژی چوارشەممە، 29-11-2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و کۆبوونەوەی 9489ی خۆی تایبەت کرد بە دۆزی فەڵه‌ستین و شەڕی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل.

بە گوتەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، دوو لەسەر سێی کوژراوانی غەززە منداڵ و ئافرەتن. دەشڵێت، "خەڵکی غەززە لە کارەساتێکی مرۆییدان کە لەپێش چاوەکانی جیهان روودەدات، نابێت چاوپۆشی لێبکەین. لە غەززە زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەی کوژراون منداڵ و ئافرەتن".

وەکو ئەوەی گۆتێرێز باسی دەکات، "لە چەند هەفتەیەکدا بەهۆی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئیسرائیل، ژمارەیەکی زۆر زیاتری منداڵ کوژراون بەراورد بە ژمارەی ئەو منداڵانەی لە شەڕەکانی دیکە کوژراون لەو لە کاتەوەی بوومەتە سکرتێری گشتی."

سەبارەت بە داواکاری بەشێک لە وڵاتان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی، گیلاد ئێردان، نوێنەری هەمیشەیی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، هەر لایەنێک پشتیوانی لە ئاگربەست بکات، پشتیوانی لە بەردەوامی کارە تیرۆرییەکانی حەماس لە غەززە دەکات. دەشڵێت، "ئامانجی حەماس لەناوبردنی ئیسرائیلە".

گیلاد ئێردان، ئەوەشی خستەڕوو: "حەماس بە ئاشکرا رایگەیاندووە و ئێوەش بینیتان، ئەوان 7ی ئۆکتۆبەر چەند بارە دەکاتەوە تا ئەو کاتەی ئیسرائیل لەناودەچێت. چۆن دەکرێت کەسێک داوای ئاگربەست بکات و لە هەمان کاتدا رایبگەیەنێت، کە بەدوای چارەسەر بۆ شەڕەکە دەگەڕێت! هەر لایەنێک پشتیوانی لە ئاگربەست بکات، بە شێوەیەکی سادە پشتوانی لە بەردەوامی کارە تیرۆرییەکانی حەماس لە غەززە دەکات."

لە بەرانبەردا، ریاز مالیکی، نوێنەری هەمیشەیی فەڵەستین لە ئەنجوومەنی ئاسایش دەڵێت، بە پێچەوانەوە، ئەوە فەڵەستینە رووبەڕووی پلانی لەناوبردن بووەتەوە نەک ئیسرائیل.

مالیکی گوتیشی: "سوپاسی هەوڵەکانی قەتەر و میسر دەکەین بۆ راگرتنی شەڕ. هەرچەندە، پێویستە ئەو راگرتنی شەڕە ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. نابێت رێگە بە دووبارە دەستپێکردنەوەی کۆمەڵکوژی بدرێت. ئەمە جەنگ نییە، بەڵکو کوشتارێکە و هیچ کەس ناتوانێ پاساوی بۆ بهێنێتەوە. دەبێت ئەمە کۆتایی پێبهێنرێت. بە هەڵەدامەچوون، هەرچەندە قسەی زۆر دەربارەی لەناوبردنی ئسیرائیل دەکرێت، بەڵام ئەوە فەڵەستینە رووبەڕووی پلانێک بۆ لەناوبردنی بووەتەوە."

لە 24ی نۆڤێمبەر،  دوای زیاتر لە 50 رۆژ شەڕ و پێکدادانی بەردەوام، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بەشێوەیەکی کاتی شەڕ لە نێوان حەماس و ئیسرائیل راگیراوە بە مەبەستی گەیاندنی هاوکاری مرۆیی بۆ کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتە و زیندانییەکان.