دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوکاری مرۆیی دەگەیەنێتە کەرتی غەززە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

دەزگای خێرخوازی بارزانی، هاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکانی کەرتی غەززە کۆکردووەتەوە و چاوەڕێی رەزامەندی دەکەن، بۆ ئەوەی بە فڕۆکە هاوکارییەکان بگەیەننە کەرتی غەززە.

کارزان نوری، ئەندامی دەستەی کارگیری دەزگای خێرخوازی بارزانی بە کوردستان24ی گوت: "بە فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی و لەژێر چاودێری و راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکی بۆردی دامەزرێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی، لە سەرەتای دروستبوونی شەڕی غەززە کە کارەساتی مرۆیی لێکەوتەوە، تیمەکانمان دەست بە کۆکردنەوەی هاوکاری مرۆیی کرد بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕەکەوە ئاوارە بوونە، ئێستا بڕێکی زۆری کۆمەک و هاوکاری ئامادەیە، چاوەڕێی رەزامەندین بۆ ئەوەی بە فڕۆکە کۆمەک بگەیەنینە ئاوارەکانی کەرتی غەززە".

نەزمی حزوری، کونسوڵی گشتی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "سەرۆکایەتی دەسەڵاتی فەڵەستین رێز و سوپاسی زۆری بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی و گەلی کوردستان هەیە، سوپاسی هەڵوێستی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ پاڵپشتی کردنیان لە گەلی ستەملێکراوی فەڵەستین، هەروەها سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین، کە لە ماوەکانی رابردوو هاوکارییەکی بەرچاوی خەڵکی غەززەی کرد، بە ناردنی هاوکاری خۆراکیی، پزیشکی و جلوبەرگ".

نەتەوە یەکگرتوەکان رۆژی 29ی نۆڤەمبەری هەموو ساڵێکی بە رۆژی پشتگیری نێودەوڵەتی گەلی فەڵەستین دیاریکردووە. بەوبۆنەوە رۆژی چوارشەممە 29/11/2023، لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی حکومی و لایەنە سیاسییەکان و کونسوڵ نوێنەری وڵاتان و هاووڵاتییان وەک پشتگیریەک بۆ خەڵکی فەڵەستین سەردانی کونسوڵخانەیان کرد.

بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، کە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 هەڵگیرسا، زۆربەی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەرتی غەززە ئاوارە بوونە، بەگوتەی ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێز، ئەمینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، 80%ـی خەڵکی غەززە ناچاربوونە شوێنی خۆیان بەجێبهێڵن.