نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا سەقامگیر دەبێت

K24 - هەولێر

لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس، نرخی نەوت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆیدا سەقامگیر بووە.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی سەدا 0.58 بۆ 83.58 دۆلار بەرزبووەوە، لە کاتێکدا لە دوو رۆژی مامەڵەی رابردوویدا بە رێژەی سەدا 4 بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.

نرخی بەرمیلیک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 0.62 بۆ 78.34 دۆلار بەرزبووەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، سعوودیە کە ئەندامێکی گرنگی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەسە گوشار لە هاوپەیمانییەتییەکە دەکات ئاستی بەرهەمهێنان کەمبکرێتەوە تاوەکو زیادەی خستنەڕووی نەوت لە ساڵی داهاتوودا لە بازاڕەکاندا دروست نەبێت. لە بەرامبەردا هەندێک وڵاتی دیکەی وەک ئەنگۆلا و نێجیریا لاریان لەو داواکارییە هەیە و داوا دەکەن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزبکەنەوە.

وارن پێتەرسۆن سەرۆکی ستراتیژی کاڵای سەرەتایی لە ئەی ئێن جی گرووپ دەڵێت: پێشبینی دەکرێت ئاستی بەرهەمهێنان زیاتر کەمبکرێتەوە، بەڵام ئەگەر پێشبینییەکان وەک خۆی دەرنەچوون بازاڕی نەوت دووچاری داکەوتنی بەرچاو دەبنەوە.