بەمنزیکانە مریشک و هێلکەی کوردستان هەناردەی دەرەوە دەکرێت

K24 – هەولێر

بەرهەمهێنانی پەلەوەری لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی خۆبژێویدا زیاتر بووە، وەزارەتی کشتوکاڵ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا هێلکە و گۆشتی مریشک هەناردەی دەرەوە بکات.

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی پەلەوەریمان لە ئاستی خۆبژێویدا زیاترە، واتا پێداویستی ناوخۆمان پڕکردووەتەوە پێویستمان بەوە هەیە، کە هەناردەی دەرەوەی بکەین، لەبەر ئەوە ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین هێلکە و گۆشتی مریشک هەناردەی دەرەوە بکەین".

گوتیشی: "بەردەوام بەدواداچوون لەسەرئەو بابەتە کراوە و هەوڵەکان بەردەوامن، ساڵی رابردوو لیژنەیەک لە وڵاتی ئیمارات سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، بۆ بەدواداچوون بۆ هەمان بابەت، زۆر بە گرنگییەوە هەڵسانگاندنیان بۆ کرد، بەشێک لە بەرهەمەکانی هەرێمی کوردستان رەوانەی پشکنین کراون، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو هەنگاوە کارا دەبێت و ئەو بەرهەمانەی پەلەوەری هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکرێن".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بەشێک لە پێشخستنی ئابووری و لە پێناو  پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان کرد.

لە نوێترین هەنگاویشدا لەو چوارچێوەیەدا بە سەرپەرشتی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو تۆن هەنگوینی کوردستان هەناردەی وڵاتی قەتەر کرا.

رۆژی چوارشه‌ممه‌ 29ـی تشرینی دووه‌می 2023، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، دوو تۆن هەنگوینی کوالیتی بەرزی کوردستان لە رێگەی ئاسمانییەوە گەیشتە دەوڵەتی قەتەر.

تا ئێستا تەنێک هەنگوین لە بازاڕە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق فرۆشراوە، کە مانگی داهاتوو لە بازاڕەکان بەردەست دەبێت و ئەمەش دەبێتە یارمەتیدەرێکی باشی هەنگەوانانی کوردستان.

ئەم هەوڵە بە سەرپەرشتیى راستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پاڵپشتی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و نووسینگەی سەرۆکوەزیران و کەرتی تایبەت ئەنجامدرا، کە زیاتر لە 200 هەنگەوان تێیدا بەشدارن و نزیکەی 100 هەلی کار دەرەخسێنێت. هەروەها پەیوەندیی نوێ لەگەڵ فرۆشیار و بازاڕەکانی قەتەر و وڵاتانی دیکەی کەنداو بە گشتی دروست دەکات. هەنگوینەکەش هی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە.

ئەم دەستپێشخەرییەی کەرتی تایبەت بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێتە بنەمایەک بۆ هەناردەکردنی زیاتر و رەخساندنی دەرفەتی نوێی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی کەنداودا.

ئەو بەرهەمانەی لە ماوەی كابینەی نۆدا لە رێی وەزارەتی كشتوكاڵەوە رەوانەی دەرەوە كراون، بریتین لە هەنار، ترێ، سێو و هەنجیر، هەروەها برنجی كوردی و تەحین، سماق و هەنگوین، ئەوانەش دەبرێنە دەرەوە و بەسەر چەند وڵاتێك دابەش دەكرێن، جیا لەوانە بۆ ساڵانی داهاتوو كار بۆ رەوانەكردنی بەرهەمەكانی تریش دەكرێت.

ئا: لاڤین عومەر