ژێرخانی سیستەمی هەناردەکردنی نەوت هەڕەشە لە داهاتی عێراق دەکات

K24 - هەولێر

لەگەڵ ئەوەی عێراق دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتە لە رێکخراوی ئۆپێک و بەشێوەیەکی سەرەکی پشتی بە داهاتی نەوت بەستووە، سەدا 96ـی داهاتی بودجەکەی لەسەر فرۆشتنی نەوتە، بەڵام شارەزایان هۆشداری دەدەن و دەڵێن: ئەو کەرتە لەژێر کۆمەڵێک هەڕەشەدایە، لە دیارترینیشیان ژێرخانی بۆری گواستنەوەی نەوتە، کە تەمەنەکەی زیاتر لە 70 ساڵە.

لە رێگەی ئەو بۆریانەوە، رۆژانە ملیۆنان بەرمیل نەوت هەناردەی وڵاتان دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیەک نییە بۆ نۆژەنکردنەوە و پەرەپێدانی ئەو سیستەمە، لە کاتێکدا بەغدا هەوڵدەدات ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 6 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبکاتەوە.

بەرپرسێک لە کۆمپانیای سۆمۆ لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە، "نیاز هەبوو سیستەمی بۆری گواستنەوەی نەوت بۆ بەندەرەکان نۆژەن بکرێتەوە، بەڵام درەنگ کەوتنی پەسەندکردنی بودجە و جێبەجێکردنی کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەو پڕۆژانە هەبوو، بۆی دواخراوە بۆ ساڵی داهاتوو".

سەرەڕای ئەوەی عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندی نەوتییە، بەڵام بەهۆی چەندین دەیە لە شەڕ و گەندەڵی ژێرخانەکەی لاواز بووە.

کۆمپانیای نەوتی بەسڕە رایگەیاندووە، پلانیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی دوو پڕۆژەی گواستنەوەی نەوت کە یەکێکیان دامەزراندنی سەکۆیەکی بارکردنی نەوتە بۆ کەشتییەکان لەگەڵ دامەزراندنی دوو بۆری نەوتی بە تیرەی 48 ئینج.

هاوکات ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە مانگی ئایاری رابردوو بڕیاریدا، پڕۆژەی دامەزراندنی بۆری سێیەمی دابمەزرێت و توانای گواستنەوەی ملیۆنێک بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەبێت، کە ئەو پڕۆژەیەش بە کۆمپانیای بۆسکالیسی هۆڵەندی درا بە گوژمەی 420 ملیۆن دۆلار، بەڵام حکومەتی عێراق لە 21 حوزەیران، بێ هیچ روونکردنەوەیەک بڕیاریدا ئەو پڕۆژەیە رابگیرێت.

بە گوێرەی پێگەی ئێس ئاند پی گلۆباڵ، ئاسۆی بارکردنی نەوت لە بەندەرەکانی عێراق ناڕوونە چونکە سیستەم و ژێرخانەکەی کۆنە، ئەوەش وادەکات عێراق نەتوانێت ئاستی هەناردە بەرزبکاتەوە، سوودمەند نەبێت لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.