کەسایەتییەکی دیاری تورکیا داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکات

ئاتیلا دۆرسەی، رەخنەگری سینەمایی و کەسایەتی دیاری تورکیا
ئاتیلا دۆرسەی، رەخنەگری سینەمایی و کەسایەتی دیاری تورکیا

K24 - هەولێر

کەسایەتییەکی دیاری تورکیا داوا دەکات رێگە بە کوردانی عێراق بدرێت دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆخۆیان دابمەزرێنن.

ئاتیلا دۆرسەی، رەخنەگری سینەمایی و کەسایەتی دیاری تورکیا، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لە ژیانی سینەماکاری کورد یڵماز گونەی و دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ کوردانی دانیشتووی عێراق کرد.

وەکو ئەوەی ئەو کەسایەتییە تورکە باسی کرد، "کورد تاکە نەتەوەیە لە جیهاندا کە بێ دەوڵەتە؛ بۆچی هیچ دەوڵەتێک بەناوی کوردستانەوە نییە؟".

لەو کاتەی دۆرسەی باسی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دەکرد؛ پێشکەشکاری بەرنامەکە پێی گوت "هەرێمی کوردستان لە باکووری عێراق هەیە" ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "با ڕێگە بە کوردەکانی عێراق بدرێت دەوڵەتی خۆیان دابمەزرینن. بۆچی ڕێگەیان پێنادرێت؟"

لێدوانەکانی ئاتیلا دۆرسەی کاردانەوەی لەناوخۆی تورکیا لێکەوتەوە و مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

ئاتیلا دۆرسەی  خەڵکی پارێزگای ئیزمیری تورکیایە. رەخنەگری سینەمایی و رۆژنامەوانییە. زیاتر لە 30 ساڵ لە رۆژنامەی جۆراوجۆردا گوتاری نووسیوە و زیاتر لە 40 کتێبی هەیە. لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێنج جار خەڵات کراوە.