پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە 20  ملیۆن کەس

گەشتوگوزاری کوردستان
گەشتوگوزاری کوردستان

K24-هەولێر:

بەرێوەبەری بە بازاڕکردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزار رایدەگەیەنێت، ئامادەکارییان کردووە رێژەیەکی زیاتری گەشتیارانی زستانە بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن و پێشبینی دەکەن کۆی گەشتیارانی ساڵی 2023 بگاتە 8 ملیۆن و ساڵی دادێش ئەو ژمارەیە بەرزبێتەوە.

ئەمڕۆ پێنچشەممە(30-ی تشرینی دووەمی 2023)، سیروان تۆفیق بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، پێشبینی دەکەن بۆ زستانی 2023 - 2024، رێژەی گەشتیارانی زستانە بەرزتر ببێتەوە.

بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریان کردووە ژمارەیەکی زۆری گەشتیارانی زستانە بۆ هەرێمی کوردستان رابکێشن.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەی بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند، لە وەرزی سەرماو بەفر بارین، گرنگیان بە چەند ناوچەیەکی گەشتیاریی وەکو چیای گارە و پێنجوێن و کۆڕەک و پرژە و سەکران داوە کە ناوچەی بەفریین و چاڵاکیی و سەرکێشی خلیسکینە و پاراگلایدیان تێدا دەکرێت.

سیروان تۆفیق ئاشکرای کرد، بەهۆی گرنگیدانەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سێکتەری گەشتوگوزار، پێشبینی دەکەن کۆی گەشتیارانی ساڵی 2023 بگاتە هەشت ملیۆن گەشتیار و ساڵی دادێش ئەو ژمارەیە زیاتر بێت.

بەپێی زانیارییەکان، کۆتایی مانگی ئایاری ساڵی 2023، نزیکەی 5 ملیۆن گەشتیاری هاوینە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و 25٪ ی ئەو گەشتیارانە بیانی بوونە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاوی کردۆتەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی گەشتیاران بۆ هەرێمی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساڵی 2030 بگاتە 20  ملیۆن کەس.

کارزان حەیدەر