چۆن گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری دروستدەکات؟

لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە ئیمارات - وێنە: AFP
لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا لە ئیمارات - وێنە: AFP

K24 - هەولێر:

هەموو جیهان بە سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەرقاڵی پرسی گوڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی ناڕێکی پلەکانی گەرمان. ئێدورد ویڵسن، زانای زیندەزانیی ئەمریکی پشتڕاستی دەکاتەوە، کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ئابووریی جیهان پەیوەستن بە ژینگەوە.

چەندین لێکۆڵینەوەش پشتڕاستی دەکەنەوە کە دەردانە گازییەکان لە چالاکییەکانی مرۆڤ لە بەکارهێنانی وزە، لە چەندین بواردا بوونەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بێ هاوتای پلەکانی گەرما و ئەمەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئابووریی جیهان هەبووە.

قەیرانێکی ئاڵۆز:

پرسی گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر کەوتووەتە ناو کارە بە پەلەکان بەڵام زۆربەی هەوڵەکان ئەنجامێکیان درووست نەکردووە کە بێ سەرئێشە و بێ زیان بێت، بۆیە ئێستا گۆڕانی کەشوهەوا یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکانی سەر مرۆڤ، بە تایبەت ئەو هەڕەشەیە کاتێک گەورەبوو کاتێک ئەمەریکا لە تەمموزی 2017 کشانەوەی خۆی لە رێککەوتننامەی پاریس بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا رایگەیاند، ئەمەش بە بیانووی بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا، لەژێر دروشمی "بەرگریکردن لە دەرفەتەکانی کاری ئەمەریکا"، ترەمپ پێیوابوو ئەو رێککەوتننامەیە لە بەرژەوەندی واشنتۆندا نییە، بەو پێیەی سنووردارکردنی توندی دارایی و ئابووریی بەسەردا سەپاندووە.

قەیرانی گۆڕانی کەشوهەوا گەورەتر بوو کاتێک بەرازیل دەرگاکانی دارستانی ئەمازۆنی لە پێش کاری بازرگانیی کردەوە، بەهۆی گەورەیی ئەو دارستانە کە رووبەری نزیکەی 600 ملیۆن هێکتارە، هەر گۆڕانکاری و دەستکارییەکی بچووکیش لەو دارستانە کاریگەریی لەسەر تەندروستیی تەواوی زەوی دەبێت، لێرەدا دەتواندرێت لەوە تێبگەین کە وڵاتانی دەوڵەمەند پاشەکشەیان کردووە لە بەڵێنەکانی پێشووی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی 100 ملیار دۆلار لە پارەی گشتی و تایبەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاردانەوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا تاوەکو ساڵی 2020، بۆ پشتگیریکردنی وڵاتانی هەژار و پێشخستنی تواناکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوڕنکارییەکانی کەشوهەوا، پێشکێشکردنی هاوکاری بۆ ئەو وڵاتانە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی 28ـەمین کۆنفڕانسی گۆڕانی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی کە 30/11/2023 بە بەشداری زیاتر لە 70 هەزار سەرۆک و نوێنەر و کەسایەتی جیهان دەستیپێکرد و 13 رۆژ بەردەوام دەبێت.

بەڵام چەندین لێکوڵینەوە بە گەشبینییەوە باس لە ئەنجام گەیشتنی ئەو خاڵە دەکەن لە ساڵی 2015 ماڵپەڕی سەینتفک ئەمەریکان لێکۆڵینەوەیەکی بە ناوی "کارگێڕیی گوڕانکارییەکانی کەشوهەوا لەسەر هەژاری" بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت "قەباری ئەو بودجەیەی کە دەبێت وڵاتانی دەوڵەمەند پێشکەشی وڵاتانی هەژار بکەن بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، خاڵێکی ناکۆکیی سەرەکیی نێوان وڵاتانی دوڵەمەند و هەژارد دەمێنێتەوە".

هۆشداریی توند و نەبوونی ویستی سیاسی:

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایدەگەیەنێت، بۆ رێگریکردن لە گەرمبوونی گۆی زەوی، دەبێت لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا رێکاری پێویست بگیرێتەبەر.

ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، دەڵێت: "جیاوازی هەیە لە نێوان کەمکردنەوەی ئاستی بەکارهێنانی سووتەمەنی بە بەردبوو لەگەڵ راگرتنی بەکارهێنان، هەروەها دەبێت پێکەوە کاربکەین و کاتێک دیاریبکەین تاوەکو دڵنیایی ئەوە بدەین دەتوانین لەو کاتە دیاریکراوەدا، رێگری بکەین لە گەرمبوونی گۆی زەی بە رێژەی 1 پۆینت 5 پلەی سیلیزی. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت تاوەکو 2030 بتوانین رێژەی وزەی نوێوەبوو بۆ سێ هێندە زیاد بکەین، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا رێکاری پێویست بگرینەبەر".

گوتیشی: "تاکە شت ئێستا بوونی نییە، ویستی سیاسیە، گرنگی ئەم لوتکەیەش لەوەدایە، تاوەکو خەڵکی تێبگات لەوەی ئێمە بە ئاڕاستەیەکی هەڵە دەڕۆین، دەبێت پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی ئاڕاستەکەمان راست بکەینەوە".

بەرزبوونەوەی ئاستی زیانەکان: هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی 2 بۆ 2.6 پلەی سەدی دەتوانێت ببێتە هۆی زیانێکی ئابووری جیهانی بە رێژەی 11 بۆ 13.9%، یان نزیکەی 10%، بەڵام خراپترین سیناریۆ کاتێک روودەدات ئەگەر پلەکانی گەرما 3.2 پلە بەرزببێتەوە، چونکە ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی 18.1%ی بەرهەمی ئابووری جیهانی تاوەکو ناوەڕاستی ئەم سەدەیە.

پاشەکشێی ئابوورییە گەورەکان: رێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئەمساڵی جیهان کەمدەکاتەوە بۆ 2.9٪ لە کاتێکدا لە مانگی ئەیلوول پێشبینیکردووە ئابووریی جیهان بە رێژەی 3٪ گەشە بکات.

ئەو رێکخراوە کە کۆمەڵێک وڵاتی پێشکەوتووی پیشەسازیی ئەندامن تێیدا، پێشبینیەکانی بۆ ساڵی 2024 وەک خۆی دەهێڵێتەوە و دەڵێت، گەشەی ئابووری خاودەبێتەوە بۆ رێژەی 2.7٪. ئەم خاوبوونەوەی ئابووریی جیهان لە کاتێکدایە کە کۆمپانیای سویس ریەنشورەنس لە ساڵی 2021 لە لێکۆڵینەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، قەبارەی ئابووریی وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری، کەمدەبێتەوە بۆ 5%.

تێکچوونی ئابوورییە لاوازەکان: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئابووریی وڵاتانی هەژار دروستدەکات، سندووقی نەختی نێودەوڵەتی لە ماوەکانی رابردوودا ئەوەی ئاشکراکردووە کە، " بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا پێشبینی دەکەین لە 10 ساڵی داهاتوودا بۆ 50 وڵاتی خاوەن ئابووریی ئاست نزم و مامناوەند پێویستیمان بە زیاتر لە 1٪ کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆ بێت، لەوانەیە بۆ ئەو وڵاتانەی دوورگەیین پێویستیمان بە 20٪ کۆی بەرهەمی ناوخۆ بێت".

هەڕەشە لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی: ئەو وڵاتانەی کەرتی کشتوکاڵ بەشێکی گرنگە بۆ بووژانەوەی ئابوورییەکەیان، زیاتر هەست بە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن، بە تایبەت لە وڵاتە هەژارە ناپێشکەوتووەکان کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتیان لەو کەرتەوەیە و زەحمەتتر دەتوانن رووبەرووی گۆڕانکارییەکان ببن بەهۆی ئاست نزمییان لە رووی پێشکەوتنی مرۆڤ، دەزگاکان، تەکەنەلۆژیا و دارایی. 

برسیبوون: پاشەکشێی بەرهەمهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەوا ئەگەری گەورەبوونی ژمارەی برسیبوون لە جیهان بەهێزتر دەکات، بەپێی هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان، پێشبینی دەکرێت ئەو کەسانەی بە دەست برسیبوونەوە دەناڵێنن ژمارەیان 800 ملیۆن کەسی تێپەڕاندبێت، یان رۆژانە لە هەر 9 کەس 1 کەس بەدەست نەبوونی خۆراکەوە دەناڵێنێت، نزیکەی 151 ملیۆن منداڵی تەمەن خوارتر لە پێنچ ساڵ باڵا کورتن، نزیکەی 613 ملیۆن ئافرەت لە تەمەنی نێوان 15 بۆ 45 ساڵی رووبەرووی کەمی ماددەی ئاسن بوونە لە لەشیاندا، بەڵام لە هەمان کاتدا نزیکەی ملیارێک کەس بە دەست قەڵەوی یان کێشی زیادەوە دەناڵێنن.

بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک: گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی بەرهەمی کشتوکاڵی راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخەکان دروستدەکات، بەهۆی کەمی گەیشتنی ئەو بەرهەمانە بۆ بازاڕەکان لە کاتێکدا کە خواستی سەر خۆراک لە زیادبوونی بەردەوامدایە، ئەمەش بە پلەی یەکەم دەبێتە هۆی لەرزینی ئاسایشی خۆراکی ئەو وڵاتانەی زیاتر پشت بە هاوردەکردن دەبەستن بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ناوخۆیان.

زیادبوونی کۆچ و دڵی عێراق: بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی، ئەو وڵاتەنی ئاستی کەمیی خۆراکیان بەرزترە، خاوەن گەورەترین ژمارەی کۆچن لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش لە عێراق رەنگیداوەتەوە، ئەنجامی ژینگەی خراپ لەو وڵاتە زاڵە، کە بەرچاوترینیان دیاردەی وشکبوونی زۆنگاوەکانە کە بە "دڵی قەمیشی عێراق" دەناسرێن، ئێستا دڵێکە کەمترین ئاوی پێدەگات بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە زۆنگاوەکەدا دەرکەوتوون و بوونەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاو تێیدا هەروەها لەنێوچوونی جۆری بەنێوبانگی ماسی و تەنانەت نەمان یان کەمبوونەوەی پیشەی بەخێوکردنی گامێش لەنزیک زۆنگاوەکەدا، دواجار خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانە، بەرێژەی بەرچاو کۆچ بۆ نێو شارەکان دەکەن، دڵی عێراق نموونەی زۆربەی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری ئەو وڵاتانە کە خەڵکی بەدەستی گۆڕانی کەشوهەوا و ناچاری کۆچکردن دەبەنەوە.

تێکچوونی نەخشەی گەشتیاری: بەرزبوونەوەی پلەی گەرما دەبێتە هۆی دابەزینی توندی پێوەرەکانی هەڵسەنگاندنی گەشتیاری بۆ زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییەکان. بۆ نموونە، تووانەوەی بەستەڵەکانی زەوی بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا و رووبارەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە دواجار دەبێتە هۆی لەناوچوونی قەراخ ئاوەکانی ئەو ناوچە گەشتیاریانەی بە ریژەیەکی بەرچاو پشت بە داهاتیان دەبسترێت و بە پلەی یەکەم ئەمە لە میسر روودەدات دواتر، تونس، مەغریب، سووریا، ئوردن و لوبنان، کە گەشتوگوزار سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتە بۆ ئەو وڵاتانە، لە هەمان کاتدا تێکچوونی دارستانەکانی کینیا بووەتە هۆکار بۆ پاشکشێی ئەو کەرتە لەو وڵاتە کە بە بڕبڕەی پشتی ئابووریی کینیا دادەنرێت.

لە پێنج ساڵی داهاتوودا چی ڕوودەدات؟

رێکخراوی کەشناسیی جیهانی لە مانگی ئایاری ساڵی 2023ـدا پێشبینیکردووە بە ئەگەرێک کە بە رێژەی 98% قابیلی روودانە و دەڵێت: "یەک لە پێنچ، ساڵی داهاتوو گەرمترین دەبێت و رێژەی پێوانەیی تۆمارکراو لە ساڵی 2016ـی تێپەڕاندووە".

ئەو رێکخراوە دەشڵێت: "ئەگەرەکە بەرێژەی 66٪ قابیلی روودانە کە لە ساڵانەی 2023 تاوەکو 2027 رێژەی ناوەندی پلەی گەرما زیاتر لە 1.5 پلە دەبێت ئەمەش بەرزترە لە ئاستەکانی پێش سەردەمی پیشەسازیی جیهانی".