راوێژکارێکی پێشووی ترەمپ بۆ کوردستان24: ئەگەر ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بووایە هەرگیز شەڕ لە غەززە رووینەدەدا

گابریێل سوما، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ
گابریێل سوما، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ

K24 - هەولێر:

گابریێل سوما، راوێژکاری پێشووی ترەمپ، ئاماژە بەوەدەکات، ئەمەریکا دەیەوێت ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس درێژ بکرێتەوە. دەشڵێت: ئەگەر ترەمپ لە کۆشکی سپی بووایە هەوڵی دەدا چارەسەرێکی ئاشتییانە بۆ کێشەی فەڵەستین بدۆزێتەوە.

گابریێل سوما، راوێژکاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بوو، ئاشتی لە جیهان بەرقەراربوو، لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا نەبوو.

ئەو راوێژکارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوەشدا، لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ئەمەریکا و چین هیچ ناکۆکییەکیان لەسەر تایوان نەبوو، ئەوکات پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ چین و رووسیا پەیوەندییەکی زۆرباشبوو، هاوکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئاشتی و ئاسایش هەبوو.

گابریێل سوما، دەڵێت: کەواتە ئەگەر ترەمپ ئێستا لە کۆشکی سپی بووایە، هیچ شەڕێک لەنێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە دروست نەدەبوو، چونکە ئیدارەی ترەمپ کاری بۆ دۆزینەوەی یەکلاکردنەویەکی ئاشتیانە دەکرد، بەتایبەتی لەوەی کە پەیوەندی بە رێککەوتنی سەدەوە هەیە.

ئەو راوێژکارەی پێشووی دۆناڵد ترەمپ، گوتیشی: من خۆم یەکێک بووم لەوانەی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانە سەردانی ئیسرائیلم کردووە، ب"ۆیە دەڵێم ئەگەر ترەمپ لە دەسەڵاتددا بووایە هەرگیز شەڕێکی لەم جۆرە رووینەدەدا".

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتی غەززە 14 هەزار و 854 کەس کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.

دۆناڵد ترەمپ، گەورە بازرگان‌ و ملیاردەری ئەمەریکی لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە رۆژی (8ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2016) بەڕێوەچوو، توانی بەسەر رکابەرەکەی هیلاری کلینتۆندا سەربکەوێت‌ و ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا.