عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 223 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمدەکاتەوە

وڵاتانی ئۆپێک پڵەس 2.2 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا کەمدەکەنەوە
کێڵگەیەکی نەوت
کێڵگەیەکی نەوت

K24 - هەولێر:

ڕۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) بە فەرمی رێکخراوی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت پشتڕاستی کردەوە، کۆی کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی نەوتی خاو لە کۆی بەرهەمی هاوبەشی گروپەکە و هاوپەیمانەکانی تا کۆتایی مانگی ئازاری 2024 بڕەکەی 2.2 ملیۆن بەرمیل دەبێت لە ڕۆژێکدا.

سعودیە بە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا و رووسیا بە 500 هەزار بەرمیل نوێنەرایەتی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن. هاوکات، عێراق بە بڕی 223 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئیمارات بە 163 هەزار بەرمیل، کوێت بە 135 هەزار بەرمیل، کازاخستان بە 82 هەزار بەرمیل، جەزائیر بە 51 هەزار بەرمیل و عومان بە 42 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەشداری لە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن.

کەمکردنەوە خۆبەخشانەکەی رێکخراوەکە بە گوێرەی پێویستی بەرهەمهێنانی ساڵی 2024 هەژمارکراوە، ئەمە جیا لەو کەمکردنەوە خۆبەخشانەی کە پێشتر لە مانگی نیسانی 2023 راگەیەندرا و دواتر تا کۆتایی ساڵی 2024 درێژکرایەوە ، بۆ ئەوەی پشتگیری لە سەقامگیری بازاڕی نەوت بکرێت، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت رایدەگەیەنن ئەم کەمکردنەوە خۆبەخشانەی رێکخراوەکە بەپێی بارودۆخی بازاڕ دەگەڕێتەوە باری ئاسایی.

رێککەوتنەکە لە کاتێکە، ناکۆکی لەبارەی پشکی هەر ئەندامێکی بەشدار لە رێککەوتنەکە بۆ ساڵی 2024، گروپەکەی ناچار کرد کۆبوونەوەکەیان بۆ ماوەی چوار رۆژ دوا بخەن. بەربەستەکانی بەردەم رێککەوتنەکە لاری وڵاتانی ئەفریقا بوو بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.

بڕیارەکانی ئۆپێک پڵەس بۆ بازاڕەکانی وزە گرینگە، چونکە سعودیە و رووسیا و ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پڵەس زیاتر لە سەتا 40ی نەوتی جیهان بەرهەمدەهێنن، کە دەکاتە نزیکەی 43 ملیۆن بەرمیل بەرمیل لە رۆژێکدا، هەر بڕیارێکی رێکخراوەکە کاریگەری لەسەر نرخی وزە بەتایبەت نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دروست دەکات.

ئەمڕۆ پێنج شەمە کاتژمێر 22:30 بەکاتی هەرێمی کوردستان نرخی هەر بەرمیلێک لە نەوتی خاوی برێنت بە 80.87 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کراو، نەوتی خاوی ئەمریکا بە 76.10 دۆلار بوو، سەرباری رێککەوتنەکەی نێوان وڵاتانی ئۆپێک پڵەس بەراورد بە ئێوارەی پێنجشەممە دەسکەوتەکانی کەمکردووەتەوە و دابەزیووە.