سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی: چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئیمارات و سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان له‌ دوبه‌ی پێشوازیان لە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد، له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویته‌ری پێشوو) نووسیویەتی: "چارەسەرکردنی گۆڕانی کەشوهەوا پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ هەیە، خۆشحاڵم لە کۆپ28م بۆ دووپاتکردنەوەی ئەو کارە گرنگانەی لە رێگەی هاوبەشییەکانمانەوە ئەنجامی دەدەین".

لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی 28مین کۆنفرانسی کەشوهەوای نەتەوەیەکگرتووەکان ناسراو بە کۆپ28 لەدووبەی، سه‌رۆكوه‌زیران مەسرور بارزانی لەلایەن، شێخ محەممەد بن زاید ئالنەهیان سەرۆکی ئیمارات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە پێشوازی لێکرا.

بڕیارە لەکۆنفرانسەکەدا، سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان لەگەڵ سەرکردە و بەرپرسانی باڵای جیهان گفتوگۆ و دیداری هەبێت و باس لەکاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بکات.