عه‌بدولره‌زاق خه‌یلانی: كابینه‌ی نۆیه‌م یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ پڕۆژه‌كانی ده‌سته‌ی پاراستنی ژینگه
K24 – هەولێر:
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌شداریكردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له لوتكه‌ی كۆپ28ـدا به‌ڵگه له‌سه‌ر گرنیپێدانی هه‌رێمی كوردستان به پرسی ژینگه. ده‌شڵێت، كابینه‌ی نۆیه‌م یارمه‌تیده‌ر بووه بۆ پڕۆژه‌كانی ده‌سته‌ی پاراستنی ژینگه.
ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023) عه‌بدولره‌زاق خه‌یلانی، گوته‌بێژی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به كوردستان24 رایگه‌یاند، مه‌ترسییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا زۆر له‌وه گه‌وره‌تره كه ساڵانه كۆنفرانسی وه‌ك كۆپ28ـی بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، ئه‌و جۆره كۆنفرانسانه‌ش گرنگن، به‌ڵام تا چه‌ند وڵاتان و سه‌ركرده‌كان به‌رامبه‌ر به به‌ڵێنه‌كانیان له‌وباره‌یه‌وه پابه‌ند ده‌بن، گرنگییه‌كه‌ی له‌وه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت.
گوته‌بێژی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا زۆری كاریگه‌رییه‌كه‌ی له‌سه‌ر وڵاتانی هه‌ژار ده‌ركه‌وتووه و ئه‌وان هۆكار نین، به‌ڵكو قوربانییه گه‌وره‌كه‌ن، بۆیه پێویست ده‌كات پاره‌یان پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڕانكارییانه بگونجێنن.
عه‌بدولره‌زاق خه‌یلانی سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا كه وڵاتانی گرووپی20 هۆكاری پیسكردنی ژینگه‌ن و خودی خۆیان له كۆنفرانسه‌كاندا ئاماژه‌یان به‌و راستییه كردووه و دانیان پێ ناوه. گوتیشی هه‌نگاو هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه له به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی زه‌وی بگیردرێت به‌تایبه‌ت كه ئێستا یه‌ك پۆینت یه‌كه و هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه تاوه‌كو ساڵی 2050 رێگه نه‌ده‌ن بگاته یه‌ك پۆینت پێنج.
عه‌بدولره‌زاق خه‌یلانی باسی له‌وه‌ش كرد، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتییه‌كی زیاتری ماددی و مه‌عنه‌وی ده‌سته‌ی ژینگه‌ی كردووه بۆ ئه‌نجامدانی كار و پڕۆژه‌كان به‌تایبه‌ت له ره‌چاوكردنی رێنماییه ژینگه‌ییه‌كان. به پێویستی زانی وه‌زاره‌ته‌كان پابه‌ندی ئه‌و بڕیار و رێنماییانه بن كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه ده‌رده‌چن، بۆئه‌وه‌ی له كاتی ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌كاندا به وردی ره‌چاوی لایه‌نی ژینگه‌یی بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ پاراستنی ژینگه و كه‌شوهه‌وای كوردستان ناوبراو گوتی، ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه گرنگن و به گرتنبه‌ر و ئه‌نجامدانیان كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا كه‌م له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان كه‌م ده‌بنه‌وه.
دووپاتیشیكرده‌وه گرتنبه‌ری رێكاره‌كان و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژینگه و كه‌مكردنه‌وه‌ی كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، هۆكاره بۆ بانگهێشتكردن و به‌شداریكردنی هه‌ر یه‌ك له سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له كۆپ28ـدا و هێزێكی زیاتریشی به شاندی هه‌رێمی كوردستان داوه به‌تایبه‌ت بۆ به‌شداریكردنی شاندی هه‌رێمی كوردستان كه نوێنه‌ری ده‌سته‌ی پاراستنی ژینگه سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات.
ئەمڕۆ هەینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) لە شاری دوبەی کرد و لەلایەن شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لێ‌کرا.
سەرۆکی حکومەت لە لوتکەکەدا، لە گەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهانی دیدار و گفتوگۆی دەبێت و لە میانی دیدارەکانیدا، گفتوگۆ لەبارەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لەسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی جیهان دەکات.