زیدان: جارێكیان ڕۆناڵدۆ هەڕەشەی لێکردم

زەینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید
زەینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید

زەینەدین زیدان ئەستێرە و ڕاهێنەری پێشووی یانەی ڕیال مەدرید ڕووداوێکی پێکەنیناوی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی لە کاتی ڕاهێنانەکانی ڕیال مەدرید تووشی بووە.

زیدان ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە نوێترین ئەڵقەی "The SKWEEK Show"، کە پۆدکاستێکە تۆنی پارکەر پێشكەشی دەكات و  رۆژنامەی ماركا گرنگترین قسەكانی زیزۆی لەم پۆدكاستە بڵاوکردەوە.

زیدان دەڵێت: شتێکی پێکەنیناوی بوو کاتێک لەگەڵ ڕۆناڵدۆی بەڕازیلی لە راهێنانەكانی ریال مەدرید بووم و پێی گوتم، ئەمڕۆ دوو بـۆری ئاسنت تێدەگرم و بۆت فڕێ دەدەم، منیش وامزانی گاڵتە دەكات، بەڵام هەر بەراستی دوو بۆڕی لە نزیك شوێنی راهێنانەكان بوو یەكسەر بە ئاراستەی منی هاویشت، بەڵام سەلامەت دەرچووم، لە لایەك زۆر پێكەنیم لە لایەكیش لە رەفتارەكانی تووشی شۆكیش بووم.
زیدان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رایگەیاند خراپترین ساتی وەرزشیم ئەوكاتە بوو كە لەگەڵ یانەی كانی فەرەنسا بۆ خولی پلەدوو دابەزین.

زیدان سەرەڕای ئەوەی لە كاری راهێنەرایەتی لەگەڵ ریال مەدرید كاری سەرسوڕهێنەری كرد، بەڵام لە وەڵامێكدا هێمای بۆ ئەوە كرد هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتووە رۆژێك ببێتە راهێنەر، دەشڵێت: بیرم لەوە نەدەكردەوە وەكو راهێنەر خۆم ببینمەوە، بەڵام لەناكاو پلانەكانم گۆڕی.

لەبارەی ڕاهێنەرایەتی تیپێک بە قەبارەی ڕیاڵ مەدرید، زیزۆ دەڵێـت: تا یانەکە گەورەتر بێت، لووتبەرزی و لەخۆباییبوون لە ژووری جلگۆڕین زیاتر دەبێت و ناچاریت ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، بەڵام من ئەم ئەزموونەم زۆر خۆشویست، چێژم لە راهێنەرایەتی یانەیەكی گەورەی وەكو ریال مەدرید دەبینی.

زیدان دووجار ڕاهێنەرایەتی ڕیال مەدریدی کردووە و چەندین نازناوی نێوخۆیی و کیشوەری بەدەستهێناوە، دیارترینیان 3 نازناوی لەسەریەكی چامپیۆنزلیگ بوو، بۆ ماوەی 3 ساڵە لە راهێنەرایەتیكردن دووركەوتووەتەوە و پێشبینی دەكرێت بۆ وەرزی 2024 ـ 2025 بگەڕێتەوە كاری راهێنەرایەتی.

رۆناڵدۆی بەرازیلی و زەینەدین زیدانی فەرەنسی بە درێسی ریال مەدرید
رۆناڵدۆی بەرازیلی و زەینەدین زیدانی فەرەنسی بە درێسی ریال مەدرید