عومەر حەسەن: هەرێمی کوردستان لە دەرکردنی یاساکان بۆ پاراستنی ژینگە دەستپێشخەربووە

عومەر حەسەن، پسپۆری زانستە جوگرافییەکان و مامۆستای زانکۆ
عومەر حەسەن، پسپۆری زانستە جوگرافییەکان و مامۆستای زانکۆ

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی زانستە جوگرافییەکان، ئاماژەی بەوەدا، ئەو یاسایانەی کە لە لە ساڵانەی رابردوودا لە بارزان بۆ پاراستنی ژینگە دەرچوونە لە کەم شوێنی جیهان ئەو یاسا ناوازانە هەن بۆ پاراستنی ژینگە. هاوکات دەشڵێت: پرسی کێشە ژینگەییەکان کێشەیەکی جیهانییە و سنووری وڵاتانی تێپەڕاندووە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.

عومەر حەسەن رواندزی، پسپۆری زانستە جوگرافییەکان و مامۆستای زانکۆ، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، لوتکەی جیهانی کەشوهەوا (COP28) لە هەموو جیهانەوە بە بایەخەوە لێی دەڕوانن، جیاوازی هەیە لەگەڵ سەرجەم ئەو لوتکانەی کە لە پێشوو ئەنجامدراون، ژمارەی بەشداربووانی 70 هەزار کەسی تێپەراندووە.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەڵێت: لوتکەی کەشوهەوا دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، یەکەمیان؛ جەخت دەکاتەوە لە کەمکردنەوەی گازە دەردراوەکان و سنوردارکردنێتی کە لە ساڵی 2005، 192 وڵات واژۆیان لەسەر کردووە، ئامانجی دووەمی ئەم لوتکەیە؛ جەختکردنەوەیە لە کارەکانی کۆنفرانسی پاریس کە هەوڵدەدات ئاراستەیەکی پلەی گەرما بوەستێنێت لە بەرزبوونەوە، چونکە لە ئێستادا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار نزیکەی 1.2  پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە، ئەم تێپەڕاندنەش کێشەی زۆرێ لێدەکەوێتەوە، ئاسەوارەکانیشی لە هەرێمی کوردستان دیارن، کە خۆی دەبینێتەوە لە لافاو، شەپۆلی سەرما، گەرما، لێزمە باران و کەمبوونەوەی رووبەری دارستانەکان.

عومەر حەسەن، ئاماژەی بەوەدا، ئەم لوتکەیە بۆیە بە بایەخەوە لێی دەڕواندرێت چونکە، پرسی کێشە ژینگەییەکان کێشەیەکی جیهانییە و سنووری وڵاتانی تێپەڕاندووە و پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی نێودەوڵەتی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا.

ئەو پسۆرەی زانستە جوگرافییەکان گوتی: "هەرێمی کوردستانیش بەدەر نەبوو لە زیانەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، کە ئەمەش بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی ئاو، جگە لە دیاردەی خۆڵبارین کە کاریگەری لەسەر ئەم هەرێمە هەبووە، رووبارە هەمیشەییەکانمان گۆڕاوە بۆ رووباری وەرزی، بەهۆی ئەوەی لە رابردوو ئێمە شتێکمان هەبوو پێمان دەگوت هێلی بەفری بەردەوام، بە درێژایی ساڵ بەفر لەسەر لوتکەی چیاکان دەمایەوە و لە وەرزی هاوین دەتوایەوە و خۆراکی رووبارەکانی دەدا، بەڵام لە ئێستادا ئەم دیاردەیەش نەماوە، رووبارەکانمان بوونەتە دۆڵی وشک".

گوتیشی: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر جۆر لە ئاژەڵی کێوی لەناوچووە، هەروەها جگە لەوە کێشە لەسەر کشتوکاڵ دروستبووە، لە کۆتایشدا مەترسیمان بۆ دروست دەکات لەسەر ئاسایشی نەتەوەییمان.

عومەر حەسەن، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، لەم لوتکەیەدا ئەوەی خرایەباس، وڵاتان لە ئەجێندای کارەکانیدا هەوڵیانداوە خێرابکەن لە بەکارهێنانی وزەی پاک، چونکە ئەم کێشانە لە ئەنجامی بەکارهێنانی بەردەوامی سوتەمەنییە پیسکەرەکان، وەک گاز، نەوت و خەڵوو دروستدەبێت، کە خۆشبەختانە هەرێمی کوردستان دەستپێشخەر بووە لە چوارچێوەی رێکارە ژینگەییەکان کاری کردووە و هەرێمی کوردستان پێشەنگە لەلایەنی پاراستنی ژینگەوە، ئەو یاسایانەی کە لە بارزان دەرچوونە لە ساڵانەی رابردوودا لە کەم شوێنی جیهان تا ئێستا ئەو یاسا ناوازانە هەن بۆ پارێزگاری لە ژینگەی خۆیان.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، کورد دەستپێشخەر بووە لە دەرکردنی یاساکان بۆ پاراستنی ژینگەی سرووشتی خۆیان.

ئەمڕۆ هەینی (1ـی کانونی یەکەمی 2023) بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە و سەرۆکەکانی جیهان لوتکەی کەشوهەوا (COP28) لە دوبەی بەڕێوەچوو، لە لوتکەکەدا باس لەو ئاستەنگانە کران کە  لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا رووبەڕووی جیهان دەبنەوە، هەروەها سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان دەستپێشخەری و پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی گازە دەردراوەکان.