بەیان سامی: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دیپلۆماسییه‌تی هه‌رێمی كوردستانی گه‌یاندووه‌ته‌ ئاستێكی به‌رز

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا

K24 – هەولێر:

راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا، رایدەگەیەنێت؛ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان هەبووە، هەروەها بەشداریکردنی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی کەشوهەوا زۆر گرنگە.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لوتکەی کەشوهەوا زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، جەنابی سەرۆکوەزیران چاوی کەوت بە زۆرێک لە بەرپرسان و سەرکردەکانی جیهان، ئەمەش دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێنا بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی دیپلۆماسی هەرێمی کوردستان لە بواری گۆڕانی کەشوهەوا.

بەیان سامی عەبدولڕەحمان، دەڵێت: دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی جیهان کاریگەری باشی هەیە، هەمووان دەبینن کە کوردستان چالاک و جیددییە لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئێمە نەوەستاوین و زۆر کارمان کردووە لەو بوارەدا.

ئەو راوێژکارەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوکات راشیگەیاند، وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر پڕۆژەی هەیە بۆ دروستکردنی دارستانەکان و پۆند، هەروەها وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پڕۆژەی ریساکلینی هەیە، زۆر پڕۆژەی گرنگ هەیە لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت سەرەتا داتایەکی زۆر باش لە کوردستان کۆبکەینەوە ئەویش لە رێگەی کەسانی شارەزای تایبەت بەو بوارە و ئەو ناوەندانەی کە لێکۆڵینەوە دەکەن لەو بوارە، کە ئەم داتایانە کۆکرانەوە دوای ئەوە دەتوانین ستراتیژییەکی درێژخایەن دابنێن بۆ هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ (UNDP)، بەیان سامی عەبدولڕەحمان، گوتی: لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ نوێنەری (UNDP) باسی ئەوەمان کرد کە چۆن هەرێمی کوردستان بتوانێت سوودمەند بێت لە داهاتی ئەو سندووقەی کە هەموو جیهان دەیانەوێت دروستی بکەن و لەو رێگەوە پارە تەرخانبکەن بۆ ئەو وڵاتانەی کە گۆڕانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەری لەسەریان هەبووە.

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستپێکی ئەو لوتکە جیهانییە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا لەوەی بەشدارە لە لوتکەی 28ـەمینی جیهانی کەشوهەوا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو کارە گرنگە بکەنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئەنجامی دەدەن.