ئەمەریکا لەبارەی هێرشەکان پەیامێک ئاراستەی سوودانی دەکات

ئەمەریکا بۆ سوودانی: پابەندی پاراستنی هێزەکانمان بن لە عێراق

K24 - واشنتن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات هێزەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەو هێرشانە بپارێزێت کە دەکرێنە سەریان و ئەنجامدەری هێرشەکانیش لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رۆژی هەینی، 1ی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە کردووە. بلینکن بە سوودانی راگەیاندووە، دەبێت حکومەتەکەی پابەندی پاراستنی هەموو ئەو هێز و دامەزراوە ئەمەریکیانە بێت کە لەسەر داوای وڵاتەکەی لە عێراقن و هەموو ئەوانەش کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن، بەرپرسیاربکرێن بەرامبەر هێرشەکانیان.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە داوە، ئەنتۆنی بلینکن و محەممەد شیاع سوودانی تاوتوێی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسیان کردووە، جەختیان لەوە کردووەتە کە نابێت شەڕەکە فراوانتر بێت، هاوکات بلینکن و سوودانی گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززە و هەوڵەکانی بەدیهێنانی ئاشتییان لە ناوچەکە کردووە.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا، لە 17ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە 61 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و سووریا، کە 32 جار لە سووریا و 29 جار لە عێراقەوە بووە، بەهۆیەوە بەلایەنی کەمەوە 59 سەرباز برینداربوون. لە بەرامبەردا ئەمەریکا چوار جار ئەو هێزانەی بۆردوومان کردووە، کە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان.

رۆژی سێشەممە (28ـی تشرینی دووەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا (پێنتاگۆن) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە 23ـی مانگەوە هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا و هیوادارین هێرشی دیکە نەکرێتە سەر هێزەکانمان لەو ناوچانە".

پات رایدەر، گوتیشی "هێرش بکرێتە سەر هێزەکانمان لەو ناوچانە وەڵاممان دەبێت".

رۆژی هەینی (17ـی تشرینی دووەمی 2023) سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن رایگەیاند، "لەبارەی گۆڕانکاری لە هێزکانمان، هیچ شتێکم نییە بۆ ئەوەی لێرەوە رایبگەێنم، بەڵام بە ئاشکرا گوتوومانە سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت و تادمان رەوانەی ناوچەکە کردووە، بۆ ئەوەی لە ئاسمانەوە هاوکاری پاراستنی هێزەکانمان بکەین. ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی رێکارەکانە بۆ پاراستنی هێزەکانمان لە عێراق و سووریا و ناوچەکانی دیکەش".

سابرینا سینگ دووپاتیکردەوە، "ئێستا سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت لە ناوچەکەن و کاری خۆیان دەکەن، بەڵام سیستمی تاد هێشتا لەڕێیە و نەگەیشتووە."

لەبارەی بەردەوامی هێرشەکان بە عێراق بۆسەر بنکەکانیان و هەڵوێست و رێکارەکانی عێراق بۆ پاراستنیان، پێنتاگۆن ئاشکرای دەکات، وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق قسەی کردووە، بۆئەوەی دڵنیابێتەوە لەوەی عێراق رێکارەکانی بۆ پاراستنی هێزەکانیان توندتر دەکات.