ئێران: هێرشی هاوشێوەی تۆفانی ئەقسا بکرێتەوە، ئیسرائیل لە 48 کاتژمێردا دەڕوخێت

دیمەنێکی هێرشی 07ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل
دیمەنێکی هێرشی 07ـی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل

K24 - هەولێر

بەرپرسانی ئێران شەڕی غەززە بە "دەستکەوتی فەڵەستینییەکان" لەقەڵەم دەدەن. فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانیش دەڵێت، هێرشی هاوشێوەی تۆفانی ئەقسا بکرێتەوە، ئیسرائیل لە 48 کاتژمێردا دەڕوخێت.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە گوتارێکدا رایگەیاند، ئەوەی لە غەززە روودەدات، "نمایشی هێز و شکۆی خەڵکی خۆڕاگر و بەرگریکاری ئەو ناوچەیە". دەشڵێت، "بەهۆی بەرگریکردن، دوژمن لە غەززە دەستەوستان بووە و روویکردووەتە کوشتنی ئافرەت و منداڵان، ئەوەش ڕژێمی ئیسرائیلی لەبەرچاوی خەڵکی جیهان خستووە".

هاوکات حوسێن سەلامی، فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانیش رایگەیاند، "ئێستا رێک ئەو کاتەیە کە نائەمنی کەوتووەتە ناو دڵی ئیسرائیلییەکان و بەڕاستی هیچ تێروانینێک بۆ رزگاربوونی ئەو رژێمە نەماوە و ئیتر ناتوانێت خۆی بگرێت".

حوسێن سەلامی ئاماژەی بەوەش کرد، "پێش سەردەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، خەڵکی فەڵەستین لە وڵاتانی جۆراجۆردا ئاوارە بوون و بە بەرد شەڕیان لەگەڵ دوژمن دەکرد، ئێستا خەڵکی غەززە بە هاوکاریی هێزەکانی بەسیجی ئێران هەموو جۆرەکانی چەک و مووشەکیان لەبەردەستە". جەختیش دەکاتەوە، "ئەگەر هێرشێکی دیکەی وەکو تۆفانی ئەقسا ڕووبدات، ئیسرائیل بە 48 کاتژمێردا دەڕوخێت".

حەبیبوڵڵا سەیاری، سەرۆکی ئەرکان و جێگری هەماهەنگییەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش باس لەوە دەکات، پێش ئەوەی هێرشی تۆفانی ئەقسا بکرێت، "خەریک بوو فەڵەستین لەبیر دەچووەوە و دەبوو بە باسێکی ئاسایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام دوای هێرشەکە بوو بە بابەتی سەرەکیی جیهان".

حەبیبوڵڵا سەیاری ئەوەشی خستەڕوو، "پێش هێرشەکەی حەماس وڵاتانی وەکو بەحرێن، مەغریب و سعوودیە بەدوای ئەوەوە بوون کە پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە و پەیمانی ئیبراهیم جێبەجێ بکەن، بەڵام دوای هێرشەکە و دیارکەوتنی تاوانەکانی ئیسرائیل ئەو پەیوەندییانە فەرامۆش کران".

ئاشکراشی دەکات کە دوای تۆفانی ئەقسا هێزەکانی موقاومە لە یەمەن، سووریا و عێراقیش دەستیان بە جووڵە و چالاکی کرد.

هەڵوێستی بەرپرسانی ئێرانی لە کاتێکدایە دوای 50 رۆژ شەڕ، رۆژی 24-11-2023، ئیسرائیل و حەماس لەسەر ئاگربەستێکی مرۆیی و ئاڵوگۆڕی دیلەکان رێککەوتن. دوێنێ هەینی، 01-12-2023، ماوەی ئاگربەستەکە کۆتایی هات و هەر یەکە لە حەماس و ئیسرائیل بە هۆکاری جیاواز ئامادەنەبوون درێژیبکەنەوە.

تەندروستیی کەرتی غەززە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە دوێنێ هەینییەوە تاوەکو ئەمڕۆ، بەهۆی بۆردوومانی بەردەوامی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 200 هاووڵاتیی سڤیل کوژراون کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.