لە سێیەم رۆژی کۆپ28 گفتوگۆ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ 2/12/2023، لە سێیەم رۆژی لوتکەی گۆڕانکاری کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە کۆپ28 لە دوبەی ئیمارات، گفتوگۆ لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەکرێت.

بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆنفرانسەکە، ئەمڕۆ لە سێیەم رۆژی لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا (کۆپ28) سەرکردە و زانایان و توێژەران گفتوگۆ لەبارەی منداڵان و گەنجان و پرۆسەی پەروەردە و ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەکە لە جیهاندا دەکەن.

یەکێکی دیکە لەو تەوەرانەی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، کارکردنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە لەسەر جیهان و بەتایبەتی لەسەر وڵاتە تازە پەرەسەندووەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، 1ی ئەم مانگە لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆپ28 لە دوبەی، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ چەندین سەرۆک و ئەمیر و پادشای جیهان لەبارەی گۆڕانەکانی کەشوهەواوە دیدار و گفتوگۆی هەبوو.

رۆژی پێنجشەممە 30/11/2023، رۆژی 30/11/2023، کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کۆپ28 لە دوبەی بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر کە سەرۆک و سەرکردەی وڵاتان دەستیپێکرد.

گرنگیدان بە پاراستنی ژینگە و رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا یەکێکە لە کارە لەپێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک ستراتیژ هەنگاوی کرداری بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نراوە و پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەسەر ئاستی سەرجەم وەزارەت، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و دەستەی ژینگە جێبەجێدەکرێن.

رۆژی هەینی (هه‌ینی 1ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023)، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس (تویته‌ری پێشوو) رایگەیاند: ئەمساڵ لە کاتێکی گرنگدا کۆنفرانسی لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا (COP28) ئەنجام دەدرێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان نووسیوویه‌تی: "هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوورەکان ناناسێت، بۆیە دەبێت بەیەکەوە کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان".

رۆژی پێنجشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی شێخ محەمەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆکی ئیمارات و سەرۆکوەزیران و حاکمی میرنشینی دوبەی گەیشتە وڵاتی ئیمارات بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا.

دوای گەیشتنی بۆ ئیمارات، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "خۆشحاڵم کە لە ئیماراتم بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکان لە لوتکەی جیهانیی کەشوهەوا، پشتگوێخستنی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بژاردە نییە و وەک گەلێک و بەشێک لە ناوچەکە دەبێت رۆڵی کارامان هەبێت".

هەروەها سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ دەستپێکی ئەو لوتکە جیهانییە، لە پەیامێکی دیکەدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوەکرد، رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پێویستی بە کاری پێکەوەیی هەیە.

هاوکات خۆشحاڵی خۆی نیشاندا لەوەی بەشدارە لە لوتکەی 28ـەمینی جیهانی کەشوهەوا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەو کارە گرنگە بکەنەوە لەگەڵ هاوبەشەکانیان ئەنجامی دەدەن.

لەوبارەوە پێشەوا هەورامانی، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند: "به‌شداری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ لوتكه‌ی جیهانی كه‌شوهه‌وا تەشریفاتی نییە و ئەم بابەتە لەناو دیدگای بەڕێزییان بەگرنگییەوە کاری بۆدەکرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوە: "سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی، وەک تاکە سەرکردە لەم ناوچەیەدا هەنگاوی کرداری بۆ پرسی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ناوه‌".