کاندیدێکی پارتی: بەرنامەی تایبەتمان هەیە لەپێناو خۆشگوزەرانیی و ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک

K24 - هەولێر

کاندیدێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند: پارتی بەرنامە و پلانی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ کەرکووک، لەپێناو خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی دۆخی کەرکووک بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر، بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکە.

ئەسما حەسەن کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بە کوردستان24ـی گوت: "پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەرلایەنێکی دیکە بەرنامە و پلانی تایبەت بەخۆی هەیە، بەرنامەشمان بۆ کەرکووک بۆ خۆشگوزەرانی و گەڕانەوەی دۆخی کەرکووکە بۆ پێش 16ی ئۆکتۆبەر".

گوتیشی: "وەک بەرنامەی خۆم ئەزموونێکی تایبەتم هەیە لەسەری بۆ گۆڕینی سیاسەتی ئیدارەدانی پارێزگا، لەگەڵ سەرجەم فەرمانگەکان، دەبێت بەرنامەیەکی تایبەت هەبێت نەهجی سیاسی بگۆڕدرێت، چونکە ئێستا خزمەتگوزاری بۆ فەرمانگەکان نادیارە، خزمەتگوزاری لە کەرکووک بۆ ئەو شوێنانە دەڕوات لە خاوەنێکی خۆی بۆی دایناوە، بۆیە دەبینی ناو کەرکووک بووە بە زبڵخانە هیچ خزمەتگوزاری نییە، ئەوەش بە سیستەمی ئیدارە و چاککردنی ئیدارە لەناو پارێزگا لەگەڵ فەرمانگەکان دەتوانین بەرنامەیەکی جوان و تۆکمە رێکبخەین".

ئەسما حەسەن ئاماژەی بەوەشدا: "ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین، بەردەوامین و لەسەر بانگەشەی خۆمانین و بەهێزێکی زۆرەوە لەسەر بانگەشەی خۆمان بەردەوامین، لەو بڕوایەشدا نین هەڵبژاردنەکان دوابخرێن، چونکە ئەوەی عەرەب و تورکمان کردویانە بەبێ دیکۆمێنتە بێ بنەمای یاساییە، ئەو بڕیارەش دادگای فیدراڵی لە 4/12 دەتوانێت بڕیاری لەسەربدات".