لە هەولێر خولێکی راهێنان بۆ ژمارەیەک خاتوونی رۆژنامەنووسی یەمەنی کرایەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لە شاری هەولێر و لەلایەن رێکخراوێکی فەرەنسییەوە خولێکی راهێنان بۆ ژمارەیەک خاتوونی رۆژنامەنووسی یەمەنی کرایەوە. بەشداربوویەکی خولەکەش دەڵێت، "لە ھەولێر ئەزموونێكی جوان و نایابمان بینی".

لە چەند رۆژی رابردوودا و بۆ ماوەی  زیاتر لە 10 رۆژ، رێكخراويكی فه‌ڕەنسی، خولێکی راهێنانی لە شاری هەولێر بۆ ژمارەیەك خاتوونی رۆژنامەنووس ئه‌نجامدا، كه‌ له‌ وڵاتی یه‌مه‌نه‌وه‌ هاتبوون.

ئەو ژنانە زیاتر لە بواری تەکنیکی میدیایی و پۆدکاست، راهێنانی تایبەتیان ئەنجامدا. ئەوان بە بینینی كوردستان دڵخۆش بوون، بەو ئارامی و ئازادییە سەرسامن كە لێرە ھەیە؛ بێ هیچ مەترسییەک راهێنانی تایبەتی خۆیان ئەنجام دا و بۆ وڵاتی خۆیان دەگەڕێنەوە.

ئەروا ئەلسەنمی ماوەی سێ ساڵە بێژەری رادیۆیە؛ لەگەڵ 10 هاوڕێی دیکەی لە وڵاتی یەمەنەوە هاتووەتە هەولێر. لەلایەن چەند راهێنەری ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە را‌هێنانی تایبەتیان پێ کراوە و، ئاشنای کوردستان و خەڵکەکەشی بوون.

ئەروا دەڵێت: "لە ھەولێر ئەزموونێكی جوان و نایابمان ھەبوو، زۆرشت فێربووین، لەرووی رۆشنیری و رۆژنامەوانییەوە، بەتایبەتی راھێنانەكانی پۆدكاست بۆ ئێمە وەكو رۆژنامەوان و وەكو راگەیاندنكار زۆر گرنگ بوو. چانسێكی گەورەمان ھەبوو كە لەم ئەزموونەی ھەولێر بەشداربووین، بەتایبەت كە ئەمڕۆ پۆدكاست زمانی ئەم سەردەمەی جیھانە، لە یەمەنیش زۆر پێویستیمان پێیەتی  و دەتوانین لەوێ، كەڵكی زۆر لە ئەزموونەكەی ئێرە وەربگرین".

ئەم یازدە ژنە رۆژنامەنووسە بەهۆی بارودۆخی وڵاتەکەیانەوە، کەڵکیان لە ئاسایش و ئارامی کوردستان وەرگرتووە. لێرە لە هەولێر لە خولێکی تایبەتدا، چەندین راهێنانیان بینیوە، لەوەدا رێکخراوێکی فەرەنسی هاوکاریان بوون کە ئامانجیان هاندانی زیاتری ژنانە لە مەیدانی میدیادا .

هێلین قادری کە سەرپەرشتیاری خولەکەیە، باس لەوە دەکات، "لەبەر ئەوەی بارودۆخی ئەمنی یەمەن باش نییە، هەولێرمان هەڵبژارد کە شوێنێکی پارێزراوە و لێرە راهێنانەکانمان ئەنجام دا. هەروەها بۆ کارکردن و بینینی ئەو فێرخوازانەشمان کە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە پڕۆژەکانمان سوودمەندبوون".

ئەم چالاکییە، تەنیا راهێنانێکی میدیایی نییە، بەڵکو دەروازەیەکیشە بۆ ئاڵوگۆری کولتووریی نێوان کوردستان و وڵاتانی جیهان.