نرخی قەل و قاز گران بووە

لە وەرزی زستان خواست لەسەر گۆشتی قەل و قاز زۆر دەبێت
kurdistan24.net

K24 - هەولێر

لەگەڵ وەرزی سەرما و هاتنی زستان، لە بازاڕەکان خواست لەسەر کڕینی پەلەوەرەکان زۆر بووە، بەتایبەت قەل و قاز.

بازاڕی میللی فرۆشتنی پەلەوەرە خۆماڵییەکان، لە ئیدارەی راپەرین دەکەوێتە قەزای حاجیاوا هەر جۆرە پەلەوەرێکت بوێت لەو بازاڕە دەست دەکەوێت، لەم وەرزەدا خواست لەسەر قەل و قاز زیاد دەکات و بازاڕەکە لە رۆژانی هەینی قەرەباڵەغتر دەبێت. بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بۆ هەر کلیۆیەک قاز یان قەل سێ بۆ چوار هەزار دینار گرانتر بووە، بەڵام گرانی نرخەکە کاریگەری نەکردووەتە سەر ئەوانەی حەزیان بە خواردنی قەل و قازە.

فرۆشیارێکی قەل و قاز بەناوی سەفەر حەسەن، کە دانیشتووی قەزای حاجیاوایە بۆ کوردستان24 دەڵێت: "چەندین جۆر قازمان هەیە، قازی شامی، هەنگاری، خۆماڵی، تۆڵۆس، هۆڕمە گۆڕ، بولگاری هەیە، بەڵام خواست زیاتر لەسەر قازی خۆمانەیە بۆ خواردن، چونکە تامێکی خۆشی هەیە، قازی مێیە خۆشتریشە لە نێرەکە، چونکە گۆشتی قازی مێیەکە چەورترە لە نێرەکە".

دەشڵێت: "بۆ پەلەوەری قەل سوورەکەی بەتامە و خواستی لەسەرە، ئەوەی لە ماڵەوە بەخێو دەکرێت، تامی خۆشترە لەوەی بە عەلەف بەخێوی دەکات، من وەک خۆم بە گەنم و جۆ بەخێویان دەکەم".

ماتین می، هاووڵاتییەکی چینییە، موسڵمان بووە و ناوی خۆی ناوە یەحیا، سەردانی ئەو بازاڕەی کردووە، ئەو دەڵێت "هاوشێوەی ئەو بازاڕە میللیە لە وڵاتی چین زۆرە" و دەشڵێت،" ئەمڕۆ هاتوومەتە بازاڕی پەلەوەران، ئێرە زۆر خۆشە و پەلەوەری زۆری تێدایە، خەڵکێکی زۆری لێیە و مامەڵەکردنیش زۆر خۆشە".

مالیک سیامەند، فرۆشیارێکی دیکەی قەل و قازە لەو بازاڕە، دەڵێت: "ئەمساڵ گۆشتی قاز گرانترە، خەڵکیش بەدوای شتی خۆماڵییەوە دەگەڕێن، هۆکاری گرانیشی خواستێکی زۆری لەسەرە، هۆکارێکی دیکەشی مانگی سێی رابردوو، رێژەی هەڵهێنانی هێڵکە زۆر کەمبوو، گەر هەڵیشی بهێنایە بێچووەکان دەمردن".