نزار ئامێدی: یەکەمجارە شاندێکی دانوستانی عێراق بەشداری لە کۆنفرانسی کۆپ دەکات

وەزیری ژینگەی عێراق: لەو بابەتە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر رێگا راستەکەن
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، ئەمساڵ جیاواز لە کۆنفرانسەکانی پێشتر یەکەمجارە شاندێکی دانوستانی عێراق بەشداری لە کۆنفرانسی کەشوهەوا دەکات، لە رووبەرووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا هەرێمی کوردستان و عێراق لەسەر رێگا راستەکەن و هەنگاوەکانیان جێبەجێکردووە.

نزار ئامێد، وەزیری ژینگەی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا کۆپ28 لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ساڵانە بەرزترین پلەی گەرما لە عێراق تۆمار دەکرێت، بۆیە بەشداری عێراق لەو کۆنفرانسەدا گرنگە، ئەمساڵ عێراق بە شاندێکی نیشتمانی بەشداری لە کۆنفرانسەکەدا کردووە، کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدارە".

گوتیشی: "بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لیژنەیەکی باڵامان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا پێکهێناوە، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەندامن لەو لیژنە، هەرێمی کوردستانیش بەشدارە لە لیژنەکە، ئەو لیژنەیە شەش مانگ کاری کردووە".

وەزیری ژینگەی عێراق، راشیگەیاند: "لە کۆنفرانسەکانی پێشتر عێراق بەشداری دەکرد، بەڵام لیژنەیەکی تایبەتی نەبوو، ئەمساڵ یەکەم جارە عێراق بە شاندێکی دانوستانی عێراق بەشداری لە کۆپ28 کردووە و گفتوگۆکانیان دەستپێکردووە".

دەشڵێت: "پێم وایە لەو بابەتە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر رێگا راستەکەین، هەردوولا پلان و هەنگاوەکانمان جێبەجێکردووە".

لە وەڵامی پرسیارێکی نێردراوی کوردستان24، لەبارەی داواکاری سەرۆککۆماری عێراق لە کۆنفرانسەکەدا بۆ هاوکاریکردنی عێراق، نزار ئامێدی گوتی"عێراق هۆکار نییە ئەم گۆڕانکارییە دروست بووە لە جیهاندا، وڵاتە پیشەسازییەکان بوونەتە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەوا، رێککەوتنی پاریسیش بۆ ئەوە بوو کە سندووقێک دابنرێت، ئەو سندووقەش بۆ ئەو وڵاتانەیە کە ئەوان بوونە هۆکاری ئەم گۆڕانە دروست بێت و کاریگەری لەسەر وڵاتانی دیکە دروست بکات، دەبێت پاڵپشتی ئەم سندووقە بکەن بۆ ئەو وڵاتانەی تووشی ئەو گرفتە بوون، یەکێكیش لەوانە عێراق کە لە ریزبەندی پێشەوەیە لە گۆڕانی کەشوهەوا، ئەم بەشە لە رێککەوتنەکە تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە".

دەشڵێت: "ساڵی رابردوو لە کۆپ27 ئەم رێککەوتنە باسکرا، بەڵام وەکو پێویست پابەند نەبوون، دوێنی سەرۆکی ئیمارات سندووقێکی دیکەی راگەیاند، کە 30 ملیار دۆلاری تێدا دەبێت، بۆ ساڵی 2030 پاڵپشتییەک دەکرێت بۆ ئەوەی ئەم سندووقە بۆ 250 ملیار دۆلار بڕوات، ئەم پارە بۆ ئەو وڵاتانەیە کە زەرەرمەند دەبن و کەشوهەوا تێیدا دەگۆڕدرێت، عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانە کە زەرەرمەند بووە و بووەتە قوربانی وڵاتانی پیشەسازی".