پێنتاگۆن بۆ کوردستان24: لە رۆژئاوای کوردستان هێرشکرایە سەر هێزەکانمان

ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە رۆژئاوای کوردستان
ژمارەیەک سەربازی ئەمەریکی لە رۆژئاوای کوردستان

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا دەڵێت، بەیانی ئەمڕۆ هێرشێکی مووشەکی کراوەتە سەر بنکەیەکی سەربازییان لە رۆژائاوای کوردستان.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، چەند هێرشێکی مووشەکی کرانە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە بنکەی شەدادی، لە باشووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان". 

بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، "هێرشە مووشەکییەکان هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە".

پێشووتر تۆماس سێیلەر، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق راگەیاندبوو، لەدوای راگەیاندنی ئاگربەستی غەززە، گرووپە عێراقییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر بنکەکانی هاوپەیمان وەستاندووە و هیواخوازین جارێکی دیکە بۆ ئاگربەستی پێشوو لە عێراق بگەڕێینەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، په‌یوه‌ندی یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت و ئامانجمان بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی به‌رهه‌مدارە.

لە راگەیەندراوێکدا فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا کە لە (22ـی تشرینی دووەمی 2023) بڵاویکردەوە، هێزەکانیان لە دوو هێرشی جیادا دوو پێگەی میلیشیاکانیان لە عێراق بۆردومانکردووە.

باسی لەوەشکردووە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گرووپە چەکدارانە، وەڵامدانەوەی راستەوخۆیە بۆ ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان "لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە"، لەنێویشیاندا ئەو هێرشەی 21ـی تشرینی دووەم،  کە بە مووشەکی بالیستی کورت مەودا هێرش کرایە سەریان.

تاوەکو ئێستا زیاتر لە 70 جار هێرش کراوەتە سەر بنکە و پێگەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا.