دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە: هەرێمی کوردستان بەشدارە لە لیژنەی دانوستانی عێراق لە کۆپ28
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، کابینەی نۆیەم گرنگی تایبەتی بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا داوە،و بەشدارە لە رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ عێراق، هەروەها هەرێمی کوردستان بەشدارە لە لیژنەی دانوستانی عێراق لە کۆپ28.
ئازاد نووری، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کاروباری هونەری لە دەستەی پارستن و چاککردنی ژینگە، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: "دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، زۆر گرنگی بەم بابەتە دەدات، بە تایبەت گۆڕانەکانی کەشوهەوا، ئێمە لەسەر ئاستی دەستە دوو لیژنەمان هەیە، لیژنەی ئەنجومەنی باڵای ژینگە بەسەرۆکایەتی ئەندازیار عەبدولرحمان سدیق، سەرپەرشتی دەکات لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و دامودەزگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی پسپۆڕیشمان هەیە کە پێیدەگوترێ لیژنەی پسپۆڕی گۆڕانی کەشوهەوا، لەناو دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، وردبینی بۆ هەموو داتا و زانیارییەکان دەکات ئەو لیژنەیە، هەردوو لیژنە راپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەین و دەیدەنە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، سەبارەت بە گۆڕانەکانی کەشو هەوا".
گوتیشی: "دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە ئێستا لە کۆڕبەندی کۆپ28 نزیکەی 30 نوێنەرمان لە نوێنەری باڵا و لیژنەی تەکنیکی بەشداری کردووە".
ئازاد نوری، راشیگەیاند: "لە لیژنەی دانووستان دوو نوێنەرمان هەیە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێکیان لە دیوانی دەستەی ژینگە، ئەوی دیکە لە وەزارەتی کشتوکاڵ، نزیکە 20 ئەندامی دانوستانی عێراق لە کۆپ28 نوێنەری هەرێمی کوردستانن، هەروەها نوێنەری هاوبەشمان هەیە، نزیکە 180 نوێنەر لە عێراق بەشداری دەکات و لە هەرێمی کوردستان نزیکەی30 نوێنەر بەشداری دەکات، پێکدێن لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، لەگەڵ نوێنەری وەزارەتەکان و رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، گەنجان، کەرتی گشتی، پێکهێندراون بۆ کۆپ28 بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران".
دەشڵێت: "ئێمە هەموو وردەکارییمان ئامادەکردووە لەگەڵ لیژنەی تەکنیکی بۆ کۆپ28، لەگەڵ "یو ئێن دیپی و وەزارەتی ژینگەی عێراقی" هەموو راپۆڕتەکان ئامادەکراون، لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی عێراقی ستراتیژییەکمان داناوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق راپۆرتی 'ناپ" ئامادەکراوە، لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە پێی دەگوترێت پلانی "لۆکاڵی" لەگەڵ چەندین شتی دیکە بۆ ئەو کۆپە، هەروەها باسکردنی سرووشتی هەرێمی کوردستان".
ئاشکراشیکرد: "هەرێمی کوردستان پێنج دیبەیتی هەیە لە کۆپ28 کە پێشکەشی بکات، لە سێکتەرەکانی کارەبا، کشتوکاڵ و ئەوانی دیکە، کابینەی نۆیەم گرنگی تایبەتی بە گۆڕانی کەشوهەوا داوە، لە رێککەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ عێراق بەشدارە کە گەورەترین رێککەوتنە لەسەر ئاستی جیهاندا، کە هەموو جیهان چاوی بڕیوەتە ئەو رێککەوتنە، لەگەڵ ژینگەی عێراق نەتەوە یەکگرتووەکان هەماهەنگین بۆ دانانی هەموو ستراتیژییەک، هەرێمی کوردستان بەردەوام لە پەیوەندیی دایە و بەشداری کۆبوونەوەکانە، بۆ ئەوەی ئاگاداری هەموو بابەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بێت".