پارێزگاری هەولێر: شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێر باشترینە لەسەر ئاستی عێراق و کوردستان

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، باشترین شێڵتەری سەگی بێلانەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە سنووری پارێزگاکە دروستکردووە. ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە کۆکراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 02-12-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بەمەبەستی لەنزیکەوە بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی کۆکردنەوەی سەگی بێلانە و ڤاکسینکردنیان؛ بە یاوەی شاندێکی پارێزگا سەردانی شێڵتەری سەگە بێلانەکانی هەولێری کرد.

شێڵتەرەکە لەسەر 20 دۆنم زەوی لە ناوچەی لاجانە دروستکراوە کە 15 کیلۆمەتر لە ناوەندی هەولێرەوە دوورە.  تێچووی پڕۆژەکە زیاتر لە 450 ملیۆن دینارە و مانگانە نزیکەی 10 ملیۆن دینار بۆ گرتن و کۆکردنەوەی سەگی بێلانە پێویستە.

 پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە رۆژی 01-10-2023 تاوەکو ئەمڕۆ، کە دەکاتە زیاتر لە دوو مانگ؛ زیاتر لە سێ هەزار سەگی بێلانە بە شێوازێکی زۆر دروست و رێکوپێک بۆ شێڵتەرەکە گواستراونەتەوە و پڕۆسەکە بەردەوامە".

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوەش کرد، "کۆکردنەوەی سێ هەزار سەگ؛ واتا سێ هەزار گرفت لەنێو شار گواستراونەتەوە. رۆژانە 80 سەگ دەگوازرێنەوە و بەهۆی پڕۆسەکەوە حاڵەتەکانی پەلاماردانی هاووڵاتییان لەلایەن سەگەکانەوە زۆر زۆر کەمبووەتەوە". دەشڵێت، بێجگە لەمەش "رێژەی لەناوچوونی سەگە بێلانەکانیش لەنێو شار زۆر کەمبووەتەوە، چونکە پێشتر خەڵک پەلاماریان دەدان و دەیانکوشتن یان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست دەدا".  

ماوەیەکە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاووڵاتییان و ئاژەڵدۆستانی هەرێمی کوردستان بە بڵاوکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆ؛ رەخنە لەو شێڵتەرە دەگرن کە بۆ سەگە بێلانەکانی هەولێر دروستکراوە و دەڵێن، وەکو پێویست خزمەتی سەگەکان ناکرێت و زۆرینەیان تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بوون.

پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، شوێنی خواردن، ئاو خواردنەوە، سێبەر و خۆپارێزی لە تیشکی هەتاو و باران بۆ هەموو ئەو سەگانە دابین کراوە کە لەنێو شێڵتەرەکەدان.  وەکو خۆی دەڵێت، "رۆژانە نزیکەی چوار تۆن خواردن بۆ سەگەکان دابین دەکرێت؛ بەشێکی خواردنگەکانی هەولێر بە دابینکردنی بەشێکی خواردن بۆ سەگەکان پابەندکراون و رۆژانە بۆ شێڵتەرەکە دەگوازرێتەوە".

وەکو ئەوەی ئومێد خۆشناو باسی دەکات، سوپاسی هەر لایەنێک دەکەن کە بیەوێت هاوکاری سەگەکان بکات و خواردن و خواردنەوەیان بۆ دابین بکات. گوتیشی، "هەر کەسێک بیەوێت بەدواداچوون بۆ دۆخی شێڵتەرەکە و سەگەکان بکات، رۆژنامەنووس بێت یان ئاژەڵدۆست، دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاری و ژینگەی هەولێر بکات بۆ ئەوەی باجێکی تایبەتی بۆ دروستبکرێت، دواتر رێگەی پێ دەدرێت بچێتە ناوەوەی شێڵتەرەکە".

پارێزگاری هەولێر جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەو شێڵتەرەی لە هەولێر بۆ سەگی بێلانە دروستکراوە، "باشترینە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان" و دەڵێت، رۆژنامەنووسان دەتوانن بچنە ناوەوەی شێڵتەرەکە و، شوێنی مانەوە و خواردنی سەگەکەکان وێنەبگرن.

ئەوەشی خستەڕوو، پێش دروستکردنی شێڵتەرەکە لەگەڵ ئاژەڵدۆستان، رێکخراو و گرووپی ناوخۆیی و بیانی کە لەم بوارەدا کاردەکەن کۆبوونەتەوە و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەی دروستکردنی شێڵتەرێکی سەردەمیانە بۆ سەگی بێلانەی هەولێر وەرگرتووە، ئینجا بڕیاریان داوە ئەم شێڵتەرە دروست بکەن.

پارێزگاری هەولێر دووپاتیشیکردەوە، "رێگە بەوانە نادەین کە لەپێناو بەرزکردنەوەی ژمارەی بینەرەکانیان و بەدەستهێنانی چەند کۆمێنت و لایکێک، لەبەر دەرگای شێڵتەرەکە لایڤێک بکەنەوە و بە جۆرێک هەڵسوکەوت بکەن کە لە گرنگیی شوێنەکە کەم بکەنەوە".