سوودانی: عێراق سەرچاوەی سروشتی هەیە بۆ دامەزراندنی پیشەسازییەکی بەردەوام و پێشکەوتوو

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی جەختی لە سەر بەرنامەی کاری حکومەت کرد، لە دامەزراندنی ئابووری هاوبەش و شارە پیشەسازییەکان، گوتیشی: عێراق سەرچاوەی سروشتی هەیە بۆ دامەزراندنی پیشەسازییەکی بەردەوام و پێشکەوتوو.

نوووسینگەی راگەیاندنی سەرکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، "ئەمڕۆ شەممە، 2-12-2023، بەسەرپەرشتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆڕبەندی هاوبەشی پیشەسازیی لە پارێزگای بەسرە کرایەوە و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ کۆڕبەندەکە لەکارەکانی بەردەوام بێت".

سوودانی، وتارێکی لەمیانی کۆڕبەندەکەدا پێشکەشکرد و "ستایشی هەوڵەکانی وەزارەتی پیشەسازی کرد لە ئامادەکردن و ئەنجامدانی ئەم کۆڕبەندە، کە دوای کۆنفرانسی پیشەسازی پترۆکیمیایی و کانگاکان دەرفەتی وەبەرهێنانی گرێبەستەکان زیاتر لە نۆ ملیار دۆلاربووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "گۆڕینی فەلسەفەی تاک ئابووریی دەوڵەت بە پشتیوانیکردنی کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی، بازرگانی و گەشتیاری بەدەست دێت"، هەروەها "ئێمە سەرچاوەی سروشتیمان هەیە بۆ دامەزراندنی کەرتی پێشکەوتوو پیشەسازی بەردەوام".

سوودانی باسی لەوەشکرد، دەتوانن بەرهەمەکان هەناردەی دەرەوەی وڵات بکەن، راشیگەیاند، "عێراق ناتوانێت وەک بازاڕی بەکاربەر بۆ کەرەستە و کاڵای هاوردەکراو بمێنێتەوە"، ئاماژەیە بۆ ئەوەی یەک دەرفەتی کاری راستەوخۆ لە کەرتی پیشەسازیدا 4- 6 هەلی کاری ناراستەوخۆ لە کەرتەکانی دیکە دەرەخسێنێت.

سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختیکردەوە، " لە رێگەی سندوقی پاڵپشتی هەناردەکردنەوە، پاڵپشتی لە توانای هەناردەکردنەکان دەکات، ئێمە دەستمان بە چاکسازییەکی پێکهاتەیی لە کەرتی بانکی و داراییدا کرد، کە ئەمەش گرنگە بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان، هەروەها پاکێجێکمان دەستپێکرد کە ئێستا بەرهەمهێنانی دەرمان، زیادی کردووە، رێژەی گرێبەستەکان لە 21% بۆ 40%، بەرزبووەتەوە.