د.سیراج محەمەد: ئەو دوو وڵاتەی 40٪ ی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕیدەدەنە زەوی بەشداری کۆپ 28 یان نەکردووە

K24-هەولێر:

مامۆستایەکی شارەزای ژینگە لە زانکۆی سەڵاحەدین پێی وایە وڵاتە زلهێزەکانی بە رێژەی 40٪ گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازی قەتیس بوونی گەرمی فڕێدەنە زەوی، زیان بە ئابووری وڵاتەکەیان ناگەیەنن بۆ ئەوەی ژینگە بپارێزن، بەڵکو بڕێک پارە دەدەن بەوانەی لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زەرەر مەند دەبن، بە پێچەوانەی ئیمارات کە هەنگاو بۆ وزەی پاک دەنێت لە ناوخۆی وڵاتەکەی و دەرەوەش.

ئەمڕۆ شەممە(2-ی کانوونی یەکەمی 2023)،د.سیراج محەمەد سەرۆکی پێشووی بەشی ژینگە لە زانکۆی سەڵاحەدین بۆ کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، لوتکەی کۆپ 28  لەگەڵ کۆنفرانسەکانی پێشوو جیایە، لە ساڵی 2019 ەوە وڵاتان داوای بودجەیەک دەکەن بۆ رووبەرووبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و کاریگەریەکان.

گوتیشی: کۆپ 28 لە کۆنفرانسەکانی دیکە سەرکەوتووتر دەبێت لەبەر ئەوەی خۆی دەیەوێت وڵاتان پەیماننامە بنووسن و بەڵێنبدەن ئەو کارانەی لەسەریانە جێبەجێی دەکەن.

ئەو شارەزایەی ژینگە زیاتر گوتی: لە کارە باشەکانی ئەو لوتکەیە ئەوەیە، راپۆرتی ساڵی پێشووتری وەرگرتووە بۆ ئەوەی بزانێت لە وڵاتان چی  کراوە دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرەنگاربوونەوەی، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە ئەو کارانەی لەبارەی کەشوهەوا کراوە زۆر شەرمنانە بووە، لەبری ئەوەی رێژەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و گازەکانی دیکەی قەتیسبوونی گەرما کەم بکات، تا راددەیەک زیادیشی کردووە.

د.سیراج محەمەد ئاشکرای کرد، دوو لەو وڵاتانەی رێژەی 40٪ ی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن فڕێدەدەنە دەرەوە، خۆیان بەشداری ئەو لوتکەیان نەکردووە، ئیدارەی پێسووتری ئەمریکاش زۆر بڕوایان بابەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا نیە، ئەوان وەک بزنس و کارکردن و بازاڕ سەیری بابەتەکە دەکەن، سەیری ئەوە دەکەن ئەوان بازاڕێکی زۆر بەهێزیان هەیە و وڵاتان پشتیان پێ دەبەستن، نایانەوێ ئەو بازاڕەی کڕین و فرۆشتنیان لاواز ببێتەوە، تەنها بە بڕێک پارەدان بۆ ئەو وڵاتانەی کە زەرەرمەندن لە گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا بەشداری دەکەن، بە پێچەوانەی ئیمارات کە کۆمپانیاکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ ئەوە دەچن، چۆن بتوانن دووم ئۆکسیدی کاربۆن کەم بکەنەوە و بەرەو شێوازێکی وزە بڕۆن کاریگەری لەسەر ژینگە دروست نەکەن و بەرەو وزەی پاک بڕۆن.

مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین رایگەیاند: ئیمارات  جیا لە هەموو وڵاتان نزیکەی 50 ملیار دۆلاری تەرخانکردووە بۆ نزیکە 70  وڵات، بۆ ئەوەی کار لەسەر وزەی خاوێن بکەن تا ساڵی  2050 و ئەو کارانە جێبەجێ بکەن کە لەبەر دەمیانە، وڵاتانی دیکەش بەشداری دەکەن، بەڵام وەک ئیمارات بەهێز نین لەو بوارەدا .

لەبارەی رۆڵی عێراق لە هەنگاوەکانی رووبەرووبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا، د.سیراج محەمەد گوتی: عێراق زەرەمەندە لە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا وکاریگەرییەکانی، بەڵام دەتوانێت بڕێک پارە بەدەست بخات، لە 2009  ەوە  مەزەندە دەکرا 100 ملیۆن دۆلاری پێبدرێت، لە دوێنێوە باس لەوە دەکرێت 30  ملیۆن دۆلار بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بۆ هەرساڵێک تەرخان دەکرێت لە کاتێكدا دەبێت 380 ملیار دابین بکرێت.

هەینی (1ـی کانونی یەکەمی 2023) بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی جیهان لوتکەی کەشوهەوا (COP28) لە دوبەی بەڕێوەچوو، لە لوتکەکەدا باس لەو ئاستەنگانە کران کە لە ئەنجامی گۆڕانی کەشوهەوا رووبەڕووی جیهان دەبنەوە.

سەرکردەکانی جیهان لە لوتکەی کەشوهەوا (COP28) دەستپێشخەری و پێشنیازەکانی خۆیان خستەڕوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی گازە دەردراوەکان.

کارزان حەیدەر