سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەسەردانێک گەیشتووەتە بەغدا

K24 - هەولێر

سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە بەغدا راگەیاند، پەیوەندی دۆستانە لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە، گوتیشی: هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە نێوان ئێران و عێراقدا نییە.

ئێوارەی رۆژی شەممە،3-12-2023، محەمەد باقری، سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، بە سەردانێکی دوو رۆژە گەیشتە بەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازی عێراق.

دوای گەیشتنی باقری لە لێدوانەکانیدا بە میدیاکانی راگەیاند، "پەیوەندی دۆستانە لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە، عێراق دراوسێیەکی گرنگی کۆماری ئیسلامی ئێرانە".

سەردانەکەی محەمەد باقری بۆ بەغدا لە کاتێکدایە کە گروپە لایەنگرەکانی ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە 7ـی ئۆکتۆبەری رابردوو.

سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لەوە کردەوە، کە هیچ کێشەیەکی ئەمنی لە نێوان ئێران و عێراقدا نییە و هەردوو وڵات رێگای هاوکاری سەربازییان گرتووەتە بەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەم سەردانەدا تاوتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان تاران و بەغدا دەکات، هەروەها "ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی سوپای عێراق لە ئێستادا لە زانکۆکانی هێزە سەربازییەکانمان دەخوێنن، لەبەرامبەریشدا ئەگەرێک هەیە بۆ خوێندکارانی هێزە چەکدارەکان بۆ خوێندن لە عێراق".

ئەمە لەکاتێکدایە کە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، زیاتر لە 70 جار هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا، لەبەرامبەریشدا ئەمەریکا جار جار هێرش دەکاتە سەر ئەو گرووپە چەکدارانە.