لە پاریس سێ کەس بە چەقۆ کوژران و بریندار بوون

K24 - هەولێر

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، لە سەنتەری شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە چەقۆ هێرش کرایە سەر گەشتیارێکی ئەڵمانی و  کوژرا، هەروەها دوو کەسی دیکەش لەلایەن هەمان کەسەوە بریندارکران.

وەزیری ناوخۆی فەرەنسا جیراڵد دارمانین رایگەیاند، هێرشبەرێک لە سەنتەری شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا بە چەقۆ هێرشی کردە سەر گەشتیارێکی ئەڵمانی و کوشتی، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدەری هێرشەکە پۆلیسی ئاگادارکردووەتەوە کە بەرگەی کوشتنی موسڵمانان لە ئەفغانستان و فەڵەستین ناگرێت، دەشڵێت: لە هێرشەکەدا دوو کەسی دیکە برینداربوون، دوای ئەوەی بە چەقۆ هێرشیان کراوەتە سەر.

گوتیشی: "پۆلیس هێرشبەرەکەی دەستگیرکردووە کە هێرشی کردووەتە سەر گەشتیاران، کە لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و دوو کەسیش برینداربوون".

وەزیری بەرگری فەرەنسا راشیگەیاند، هێرشبەرەکە لە لیستی چاودێری دەزگا ئەمنییەکانی فەرەنسادایە و تووشی تێکچوونی دەروونی بووە.

داواکاری گشتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر رایگەیاند، هێشتا رانەسپێردراون تاوەکو لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکەن.

رووداوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە لە ناوەڕاستی پاریس روویداوە، هەروەها کەمتر لە هەشت مانگ ماوە بۆ ئەوەی پاریس میوانداری یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد بکات، ئەم رووداوەش رەنگە پرسیار لەبارەی دۆخی ئەمنی شارەکە بوروژێنێت، بەتایبەت کە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی تێیدا بەڕێوەدەچێت.