پەیمانگایەک لە سلێمانی منداڵانی بێ باوک لە خۆ دەگرێت

kurdistan24.net

K24 – سلێمانی

راهێنەرێکی پەیمانگای "تیم"ی منداڵانی بێسەرپەرشت رایگەیاند: پەیمانگاکەمان منداڵانی بێ باوک لەخۆ دەگرێت و ئامانجیشمان، پێگەیاندنی ئەم قوتابیانە کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن.

نەسرین محەممەد، راهێنەر لە پەیمانگای تیم، بە کوردستان 24ـی گوت: "پەیمانگای تیم تایبەت بە منداڵانی بێ باوکە، لەو پەیمانگایەدا زمانی عەرەبی، ئینگلیزی، کورد، بەشی کۆمپیوتەر، بەشی کاری دەستیش هەیە بۆ ئەم قوتابیانە، ئێمە لە قۆناغی حەوتەوە تاکو قۆناغی هەشت قوتابیمان لەلایە، ئەم پەیمانگایە ماوەی شەش ساڵە دامەزراوە کە تایبەتە بە منداڵانی بێسەرپەرشت، لە سلێمانی".

گوتیشی: "ئێمە بە بەردەوامی لە هەموو پێشانگایەک بەشداری دەکەین، کارەکانیان نمایش دەکەین و بۆیان دەفرۆشین و داهاتەکەشیان بۆ دەگێڕینەوە، هاندانێک و پاڵپشتییەکە بۆ هەموو ئەوانەی لەلای ئێمەن، خەریکی ئەم کارانەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم خولانە، پێگەیاندنی ئەم قوتابیانە پشت بەخۆیان ببەستن، لەناو کۆمەڵگە یاخود هەر شوێنێکی دیکە، وەک ئەوە وایە کە بڵێن، ئێمە کاری تایبەت و توانایەکی تایبەتی بەهێزی خۆمان هەیە، هەروەها ئێمە دەبین بە هاندەری ئەوان تا ئەوکاتەی کە خۆیان بە ویستی خۆیان بیانەوێت، پەیمانگاکەمان پاڵپشتییان دەکات".