رۆژنامەیەکی نزیک لە خامنەیی هەڕەشە لە ئەمەریکا دەکات

ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران
ئایەتوڵڵا خامەنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران

K24 - هەولێر

ڕۆژنامەیەکی سەر بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بەهۆی پەسندکردنی بڕیارێک لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا؛  هەڕەشە لە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچەکە دەکات. 

رۆژنامەی "کەیهان" کە بەرپرسەکەی ڕاستەوخۆ لەلایەن ئایەتوڵڵا خامەنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دیاری دەکرێت، لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا سەبارەت بە بلۆککردنەوەی شەش ملیار دۆلار لە داراییەکانی ئێران، هۆشداریی دەدات؛ "بلۆککردنی ئەم پارەیە، مۆڵەت بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێزە هاوپەیمانەکانی دەدات بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر هێز و بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە."

ئەمە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە پەسندکردنی بڕیارێک، داوای لە حکومەتی ئەو وڵاتە کردووە، ئەو شەش ملیار دۆلارەی، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئێران و ئەمەریکا بۆ ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان ئازاد کرا و لە کۆریای باشوورەوە گوازرایەوە بۆ قەتەر، جارێکی دیکە بلۆک بکاتەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا پێشتر ڕایگەیاندبوو، لە بەرانبەر ئازادکردنی پێنج زیندانیی ئەمەریکی بە ڕەگەز ئێرانی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئیرانەوە، شەش ملیار دۆلار پارەی بلۆککراوی ئەو وڵاتە لە کۆریای باشوور ئازاد دەکات.

لەلایەن خۆیەوە عەلی باقریی کەنی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێککەوتنی دوو وڵات، پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە عێراقیش ئازاد دەکرێت و ئەم پڕۆسەیە دەستیپێکردووە.

جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە بێ ئەوەی ئاماژە بە بڕی ئەو پارەیە بکات کە لە عێراق ئازاد کراوە، ڕایگەیاند، زیاتر لە  حەوت ئەوەندەی ساڵی ڕابردوو پارەی بلۆککراوی ئێران لە عێراق ئازاد کراوە.

رۆژی ھەینی 18ـی ئابی 2023، وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لەگەڵ ئەمەریکا، 10 ملیار دۆلار لە پارە بلۆککراوەکانی تاران لە کۆریای باشوور و عێراق ئازاد کراون.