موسڵمانەکانی ئەمەریکا دژی بایدن بەڵێنێک دەدەن

جۆ بایدن
جۆ بایدن

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرکردە موسڵمانەکانی ئەمەریکا لەو شەش ویلایەتەی کە بەویلایەتی گرنگ دادەنرێت لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، بەڵێنیان داوە پێکهاتەکانیان لە دژی دووبارە هەڵبژاردنەوەی جۆو بایدن کۆبکەنەوە بەهۆی پشتگیریکردنی لە شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

ئەو شەش ویلایەتە لەنێو ئەو ویلایەتە کەمانەدان کە بە بایدن لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020دا سەرکەوتنی تێیدا بەدەستهێنا، بۆیە رەنگە دژایەتی کۆمەڵگەی موسڵمانان و عەرەبە ئەمەریکییەکان رێگای بایدن بۆ بەدەستهێنانی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکان ئاڵۆزتر بکات.

هەڵمەتی بەناو "وازهێنان لە بایدن" کاتێک دەستیپێکرد، کە ئەمەریکییە موسڵمانەکان لە ویلایەتی مینیسوتا داوای ئاگربەستیان لە جۆو بایدن کرد بۆ کەرتی غەززە تاوەکو 31ـی ئۆکتۆبەر، هەڵمەتەکە بۆ ویلایەتی میشیگان، ئەریزۆنا، ویسکۆنسن، پێنسیلڤانیا و فلۆریداش درێژبووەوە.

بەپێی ئامارەکانی دامەزراوەی عەرەبی ئەمەریکی، ناوبانگی بایدن لەنێو ئەمەریکییە عەرەبەکان بۆ سەدا 17 دابەزیوە، ئەمەش دەتوانێت لە ویلایەتێکی وەک میشیگان زۆر گرنگ بێت، کە بایدن بە رێژەی 2.8 خاڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا و عەرەبە ئەمەریکییەکان لە 5%ـی دەنگەکانیان پێکهێناوە،

تاریق ئەمین، کە پزیشکە و نوێنەرایەتی کۆمەڵگەی موسڵمانانیش دەکات لە ویلایەتی ویسکۆنسن، باسی لەوە کرد، نزیکەی 25 هەزار دەنگدەری موسڵمان لە ویلایەتەکەدا هەن، کە بایدن لە هەڵبژاردنی رابردوو بە نزیکەی 20 هەزار دەنگ سەرکەوتنی بەدەستهێنا لەو ویلایەتە. گوتیشی: دەنگدانەکە دەگۆڕین و دەیکەین بە وەرچەرخان.

ئەمەریکییە موسڵمانەکان رایانگەیاند، کە چاوەڕوانی ئەوە ناکەن ترامپ باشتر مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگاکەیان بکات ئەگەر دووبارە هەڵبژێردرێتەوە، بەڵام بێبەشکردنی بایدن لە دەنگەکانیان بە تاکە رێگە بۆ پێکهێنانی سیاسەتی ئەمەریکا دەزانن.

هێشتا روون نییە کە ئایا دەنگدەرانی موسڵمان بەکۆمەڵ دژی بایدن دەڕۆن یاخود نا، بەڵام گۆڕانکاری بچووک دەتوانێت جیاوازی لەو ویلایەتانەدا دروست بکات، کە بایدن لە ساڵی 2020دا بە ئەستەم توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسرائیل ئەو گوشارانە رەتدەکەنەوە کە داوای راگرتنی شەڕ دەکە، رۆژی شەممە، کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لێدوانەکەی بایدنی دووپاتکردەوە، کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات.