حکومەتی عێراق زیاتر لە 1500 حەوزی ماسی لە سنووری داقووق تێکدەدات

K24 – کەرکووک

حکومەتی عێراق لە سنووری قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک زیاتر لە 1500 حەوزی ماسی تێکدەدات، ئەمەش نیگەرانی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ تێکدانی حەوزەکانی ماسی لە داقووق چووە بواری جێبەجێکردن و چەند حەوزێک تێکدران.

هاووڵاتییەکی دانیشتووی قەزای داقووق لەوبارەوە بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: "چەند حەوزێکی ماسی کە ئەمڕۆ تێکدران، تەنانەت ماسیان تیا بوو، ئەمە زوڵمە لە هاووڵاتییان دەکرێت، ئەم بڕیارە دەبێتە هۆکار بۆ بێکاربوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سنوورەکە".

گوتیشی: "داوا لە سەرۆکوەزیران و حکومەتی عێراق دەکەین، ئەم بڕیارە هەڵبوەشێنەوە، چونکە زیانی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت".

خاوەنی یەکێک لە حەوزەکانی ماسی لە داقووق بە کوردستان24ی راگەیاند: "حەوزەکانمان ماسی تیایە، کەچی ئەمڕۆ ئامێریان هێناوە و تێکی دەدەن، بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ناوچەکە بژێوی ژیانیان لەسەر فرۆشتنی ماسییە".

یەکێکی دیکە لە خاوەن حەوزەکان دەڵێت: "زۆربەی ئەوانەی حەوزی ماسییان هەیە یان ماسی دەفرۆشن ئەو کەسانەن مووچەخۆری حکومەت نین و هیچ کار و کەسابەتێکی دیکەشیان نییە".