دەستەی پاراستنی ژینگە: ئەو بەنزینخانە و موەلیدانەی ژینگە پیس دەکەن سزا دەدرێن

دووکەڵی یەکێک لە موەلیدەکان لە کۆمەڵگەی شاوێس - ئەرشیف
دووکەڵی یەکێک لە موەلیدەکان لە کۆمەڵگەی شاوێس - ئەرشیف

K24 – هەولێر

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سزای ئەو بەنزینخانە و موەلیدانە دەدەن، کە ژینگە پیس دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، سێی کانوونی یەکەمی 2023، عەبدولرەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "بەپێی رێنماییەکانی ژمارەی دووی ساڵی 2023، رێنمای و بەدواداچوونی بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان، واتە ئەگەر هەر پڕۆژەیەک سەرپێچی هەبێت ئاگادار دەکرێتەوە بەلابردنی سەرپێچییەکان، رێنمایی جێبەجێ نەکردبێت، ماوەی 10 رۆژی پێدەدەین، گەر هاتوو پابەند نەبوو سزای پێبژاردنی بەسەردا دەسەپێنین".

گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، گوتی: "بەپێی یاسای ژمارە هەشتی ساڵی 2008، ماددەی 42 بۆمان هەیە ئەو پڕۆژانەی سەرپێچی ژینگە دەکەن سزایان بدەین، بەڵام پێشوەختە رێنماییان بۆ دەردەکەین لە رێگای رێنماییەکانمانەوە ئاگادار دەکرێنەوە".

دەشڵێت: "بەپێی رێنوێنی بەدواداچوون و بەرزەفتکردنی سەرپێچییە ژینگەییەکان، سزای دارایی ئەو بەنزینخانانە دەدرێت کە بە چەند شێوازێک ژینگە پیس دەکەن، ئەگەر بەنزینخانەیەک مۆڵەتی ژینگەی نەبێت، لە دوو بۆ چوار ملیۆن دینار سزا دەدرێت، ئەگەر موەلیدەکەیان دووکەڵ بکات، یان دەنگی بەرزبێت، ملیۆنێک بۆ سێ ملیۆن دینار سزا دەدرێت".

عەبدولرەزاق عەزیز، روونیکردەوە: "ئەگەر پاشماوەی شل لەنێو بەنزینخانە یاخود هەر بەنزینخانەیەک ئەگەر شوشتنگەی تێدا بێت و چارەسەری رێڕەوی ئاوەڕۆی نەکردبێت، یان ئەگەر سەوزایشی نەبێت بۆ ئەوەش سزا دەدرێن، هەر موەلیدەیەک دەوروبەری بە گازوایل و رۆن پیس ئەویش بەهەمان شێوە سزا دەدرێت".

.

ئا: لاڤین عومەر