دلێر جەبار: زیاتر لە 30 ساڵە هاوکاری کەمئەندامان دەکەین
K24 - هەولێر
بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی کۆمەڵەی رۆژ دەڵێت، زیاتر لە 30 ساڵە کۆمەڵەکەیان هاوکاری کەمئەندامان دەکات و چالاکی و خولی جیاوازیان بۆ دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023، دلێر جەبار، بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی کۆمەڵەی رۆژ، لەمیانی بەشداریکردنی لە "بەیانی24" رایگەیاند، "زیاتر لە 30 ساڵە کۆمەڵەی رۆژ لە هەوڵی ئەوەدایە هاوکاری کەمئەندامان بکات. کۆمەڵەکەمان خاوەنی حەوت لق و سێ نووسینگەیە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و سەربەخۆیە".
بە گوتەی دلێر جەبار، ئەوان خاوەنی "تاکە گروپی شانۆی کەمئەندامانین لە عێراق و هەرێمی کوردستان و، مۆڵەتی فەرمیشمان لەلایەن وەزارەتی رۆشنبیرییەوە هەیە".
هاوکات شەهلا محەمەد، ئەندام لە کۆمەڵەی رۆژ ئاماژەی بەوە کرد، "دەستپێکمان لە کۆمەڵەی رۆژدا، وەرشە و چەند چالاکییەکمان هەبوو. وەرشەکانیش بریتیبوون لە وەرشەی (دوورمان، دارتاشی، وەرشەی چنین). خاوەن پێداویستی تایبەت خۆیان لەم کارەنەدا دەبینییەوە. هەر بەشداربوویەک لەو خولەدا پلەی یەکەمی بەدەستبهێنایە، دەکرایەوە بە مامۆستا".
هێشوو تاهیر، ئەندام لە کۆمەڵەی رۆژ گوتی، "ئێمە وەکو رێکخراوی کۆمەڵەی رۆژ کارمان لەسەر ئەو کەمئەندامانەدا کردووە کە تووشی گۆشەگیری یاخود بەربەست بووبن بەهۆی کەمئەندامییەکەیەوە. هەر یەکێک لە ئێمە وەک توێژەرێک مامەڵەمان لەگەڵدا کردووە، کۆمەڵێک ئەزموونی خۆمان خستووەتە بەرچاوی کە ئێمەش وەک ئەو بووین و ئەو قۆناغەمان تێپەڕاندووە، هەر یەکێک لە ئەندمەکانی کۆڵەی رۆژ، خاوەنی کۆمەڵێک توانا و هێز و بوێری جیاوازن دەتوانن سوودێکی زۆرباش بگەیەنن بە هەر تاکێکی کۆمەڵگا."
رێکخراوی کۆمەڵەی رۆژ لە ساڵی 1992 دامەزراوە، یەکەمین رێکخراو بووە کە توانیویەتی ئەرکی کەمئەندامان بگرێتە ئەستۆ و کارەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەنجامبدات.
ئامادەکردن: لاڤین عومەر