سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان: بەرپرسی سەرەکی لە دواکەوتنی مووچە حکومەتی عێراقە

"بابەتی سیاسی کاریگەری هەبوو لەسەر دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان، رایگەیاند: بەرپرسی سەرەکی لە دواکەوتنی مووچە حکومەتی عێراقە، بۆیە دەبێ مامۆستا و فەرمانبەران سەرەتا ناڕەزایەتی و گلەییەکانیان ئاراستەی حکومەتی عێراق بکەن. دەشڵێت: بابەتی سیاسی کاریگەری هەبوو لەسەر دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان کە بڕیاربوو ئەمڕۆ ئەنجامبدرێت.

بڕیاربوو ئەمڕۆ دوای 13 ساڵ یەکێتی مامۆستایانی کوردستان کۆنگرەی خۆی ببەستێت، بەڵام کۆنگرەکە نەکرا، ئەحمەد گەرمیانی سەرۆکی یەکێتی مامۆستا، بە کوردستان24ی گوت: "لە چەند ساڵی رابردووەوە بەهۆی چەند دۆخێکی نەخوازراوی کوردستان و ناوچەکە نەتوانرا کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان بکرێت، ئەمساڵ هەموو ئامادەکارییەک کرابوو بڕیاربوو ئەمڕۆ 3/12/2023، کۆنگرە بکرێت، بەڵام بەداخەوە بابەتی سیاسی کاریگەری لەسەر دواخستنی کۆنگرە هەبوو، دوای گفتوگۆی زۆر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان کۆنگرە دواخرا، من کە سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانم نازانم کەی کۆنگرە دەکرێت؟ من کە هاوکات سەرۆکی لیستی پارتیم لە یەکێتی مامۆستایان بۆ کۆنگرە هەموو ئامادەکارییەکمان کردبوو، بەڵام لایەنەکانی دیکە بایکۆتی مامۆستایانیان لە سنووری سلێمانی کردە بیانوو بۆ ئەنجام نەدانی کۆنگرە، چونکە لە هەموو سنوورەکانی دیکە ئامادەسازی تەواو کرابوو".

گوتیشی: "بە بڕوای من بایکۆتی مامۆستایان ئاراستەیەکی سیاسی بوو بۆ دواخستنی کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان، ئێستا یەکێتی مامۆستایان لە بۆشایی یاسایی دایە، بۆیە پێمان هەرچی زووە کۆنگرە بکرێت و لە مانگێک زیاتر کۆنگرە دوانەکەوێت".

سەبارەت بە بایکۆتی مامۆستایان لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت: "راستە لە هەموو شوێنێک مامۆستا و فەرمانبەران پێویستیان بە مووچەیە، دواکەوتنی مووچە کاریگەرییەکی خراپی لە هەرێمی کوردستان دروست کردووە، هەموومان لەسەر ئەو بابەتە ناڕازین، بەڵام بایکۆت و داخستنی دەرگای قوتابخانەکان چارەسەر نییە، بەڵکو کاریگەری نەرێنی دەبێت، لە کاتێکدا دەرگای قوتابخانە حکومییەکان داخراوە، بەڵام لە قوتابخانە ناحکومییەکان دەوام دەکرێت، کە منداڵی زۆربەی بەرپرسەکان لەو قوتابخانانە دەخوێنن، لانی کەم دوەبوایە دەرگای قوتابخانە حکومییەکان بکرابانەوە و کتێب دابەشکرابان، بۆ ئەوەی هیچ نەبێ قوتابیان لە ماڵەوە بخوێنن".

ئەحمەد گەرمیانی، راشیگەیاند: "جگە لە هەوڵەکانی وەزارەتی پەروەردە و یەکێتی مامۆستایان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سنووری سلێمانی، نایشارمەوە لەگەڵ لایەنی سیاسیش گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە کراوە، زۆر جار دەگوترێت ئەو بایکۆت و خۆپیشاندانە دژی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لە راستیدا بەرپرسی سەرەکی لە دواکەوتنی مووچە حکومەتی عێراقە، بۆیە دەبێ نارەزایەتی و گلەییەکانمان یەکەمجار ئاراستەی حکومەتی عێراق بکەین".

سەبارەت بە دابەش نەکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژان لە سلێمانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان، گوتی: "لە هەولێر و دهۆک شایستە داراییەکانی مامۆستایان دابەشکراوە، بڕیاربوو ئەمڕۆ لە سلێمانی دابەش بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە دواخرا، کە ئەمەش مامۆستایانی وانەبێژ زیاتر توڕە دەکات، ئێمە هەست دەکەین دەستێک هەیە بۆ توڕەکردنی مامۆستایان".

دەشڵێت: "بەداخەوە لە سنووری سلێمانی هاووڵاتییان متمانەیان بۆ قوتابخانە حکومییەکان کەمبووەتەوە، ئەوەی توانای دارایی هەبێت، منداڵەکانیان دەگوازنەوە قوتابخانە ناحکومییەکان، کە ئەمە زۆر خراپە".