عێراق چوارەم وڵاتی هاوردەکاری جگەرە و تووتنە لەسەر ئاستی جیهان

K24 – هەولێر

عێراق لە پلەی چوارەمی جیهاندایە لە هاوردەکردنی جگەرە و تووتن، لە دوای ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و ئیسپانیا بەهای ساڵانەی هاوردەکردنی جگەرە لە عێراق بە نزیکەی یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و ژمارەی جگەرەکێشانیش لە نێوان 14 بۆ 15 ملیۆن دایە.

ئەحمەد سەدام، پسپۆڕ و شارەزای ئابووری راگەیاند، "کێشەی ئەم بەرهەمە ئەوەیە کە دەزگاکانی حکومەت کۆنترۆڵی ناکەن، چونکە رێژەیەکی زۆر لەو بەرهەمە لە رێگەی فرۆشگا نافەرمییەکانەوە دەچێتە ژوورەوەی فەرمانگەکان، هەروەها باجی گومرگی ناچێتە سەری، ئەوە هۆکارێکی دیکەیە، هەر بۆیە رێژەی جگەرەکێش و هاوردەی جگەرە بەو شێوە بەرچاوە هەڵکشاوە".

گوتیشی: "جێبەجێ نەکردنی یاسا و نەدانی باجی گومرگ زیانی بۆ ئابووری وڵات هەیە، بەهەمان شێوە زیانی بۆ تەندروستی و کۆمەڵگەش هەیە، هۆکارەکەش ئەوەیە ئەم بەرهەمانە ستاندارد نین و بە کوالێتی کۆنترۆڵدا تێناپەڕن، حکومەتیش لە دەزگاکاندا سنوورێکی بۆ ئەو بابەتە دانەناوە".

بەگوێرەی نوێترین ئامار، لە هەر 20 خولەکێک کەسێک بەهۆی جگەرەکێشانەوە لە جیهان گیان لەدەستدەدات.

ئا: لاڤین عومەر

سەرچاوە: شەفەق نیوز