سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی: دادگای فیدراڵی بەرەو ئاراستەیەکی سیاسیی دەڕوات

محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی
محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی

K24 - هەولێر

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایدەگەیەنێت، ئیشی دادگای فیدراڵی نییە کورسیی پێکهاتەکان بەسەر چەند بازنەیەکی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دابەش بکات و دەڵێت، دادگاکە "بەرەو ئاراستەیەکی سیاسیی دەڕوات".

دانیشتنی ئەمڕۆ یەکشەممە، 03-12-2023ـی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، لەبارەی سکاڵایەک کە لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە، بۆ رۆژی 27-12-2023 دواخرا.

سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.

محەممەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی لەوبارەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "یەکێک لەو ماددانەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە، ماددەی 36ـە کە تایبەتە بە 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان. پرسیارەکە ئەوەیە ئەم ماددەیە لە چ روویەکەوە پێچەوانەی دەستووری عێراقە و لە بنەڕەتدا چ پەیوەندی بە دەستووری عێراقەوە هەیە؟".

وەکو ئەوەی سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی ئاماژەی پێ دا، "ئەو لایەنانەی سکاڵاکەیان تۆمارکردووە مەرامی سیاسیی خۆیان هەیە، دەیانەوێت دادگاکە بۆ مەرامەکانیان بەکاربهێنن و، بەلایانەوە گرنگ نییە قەوارەی هەرێمی کوردستان بەو بڕیارانە لاواز دەبێت یان نا".

محەممەد سەعدەدین دەڵێت، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەو لایانانەی سکالایان تۆمارکردووە، "لێدانە لە پێکهاتەکان، چونکە پێکهاتەکان رێیەکی سیاسیی دروستیان هەڵبژاردووە کە خزمەت بە قەوارەی هەرێمی کوردستان و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی کوردستان دەکات و نابنە لایەنگری هیچ لایەنێک. هەروەها دەیانەوێت کورسیی پێکهاتەکان بۆ مەرامی خۆیان بەکاربهێنن".

سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی جەختیشی کردەوە، "کاری دادگای فیدراڵی نییە کورسی پێکهاتەکان بەسەر چەند بازنەیەکی دەنگدان دابەش بکات، بەڵکوو کاری پەرلەمانی کوردستانە؛ لە پەرلەمانی کوردستانیش کاری پێکهاتەکانە. پێکهاتە دەبێت خۆی داوای بکات، کەچی هیچ پێکهاتەیەک ئەم داوایەی نەکردووە بەڵکوو لایەنێکی سیاسیی داوا دەکات".

بە گوتەی محەممەد سەعدەدین، "دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بەرەو ئاراستەیەکی سیاسی دەڕوات و بڕیاری سەرسوڕهێنەر دەدات". باس لەوەش دەکات، "هەندێک پرس هەن پەیوەندییان بە دەستوور و دادگای فیدراڵییەوە نییە، کەچی دادگاکە چەندین مانگ گفتوگۆیان لەسەر دەکات کە لە بنەڕەتدا ئیشی ئەو نییە و گفتوگۆی ناوێت".

ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.

بڕیارە لە 25ى شوباتی 2024، هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان لەژێر سەرپەرشتیى ڕاستەوخۆی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق بکرێت.