پیرۆ.. لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر کانێکی زێڕ نۆ کەس کوژران

وێنە، کانێکی خەڵوز لە پیرۆ (ئەرشیف)
وێنە، کانێکی خەڵوز لە پیرۆ (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

کاربەدەستانی پیرۆ رایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێک بۆ سەر کانێکی زێڕ لە باکووری پیرۆ لانیکەم نۆ کەس کوژران و 23 کەسی دیکەش بریندار بوون.

وەزارەتی ناوخۆی پیرۆ لە بەیاننامەیەکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاند، کۆمەڵێک تاوانباری چەکدار هەڵیانکوتایە سەر کانگای پۆدێرۆسا لە پارێزگای بەتاز و رووبەڕووی کارمەندانی ئەمنیی کۆمپانیاکە بوونەوە کە کانەکە بەڕێوەدەبەن.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە حەفت چەکدار دەستگیرکراون و پۆلیس دۆخەکەی کۆنترۆڵکردووە.

راشیگەیاند، حەفت کارمەندی ئەمنی کۆمپانیاکە لە کاتی رووبەرووبونەوەی چەکدارەکان کوژراون، هەروەها دوو لە کرێکارەکانی کانە زێڕەکەش کوژران.

وەزارەتی ناوخۆی پیرۆ دەشڵێت: لەهێرشەکەدا 15 کەس بریندار بوون، بەڵام میدیا ناوخۆییەکان رایانگەیاند، ژمارەی بریندارەکان 23 کەسە.

لە مانگی ئایاردا لانیکەم 27 کرێکار بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کانێکی زێڕ لە ناوچەی ئارێکوپا لە باشووری پیرۆ گیانیان لەدەستدا. کانە زێڕەکان یەکێکە لە ئابوورییە گرنگەکانی وڵاتی پیرۆ، کە زیاتر لە 8%ی بەرهەمی گشتی ناوخۆیی پێکدەهێنێت.