وەزارەتی خوێندنی باڵا پارەی دەرچووان و کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی خەرجدەکات

وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتی خوێندنی باڵا

K24 – هەولێر:

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستێکی شایستە داراییەکانی کاندیدان و دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی بڵاودەکاتەوە، کە تاوەکو ئێستا سەرجەم شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو لیستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڵاویدەکاتەوە، نزیکەی ناوی 100 کاندید دەبێت کە پێشتر سەرجەم شایستە داراییەکانیان وەرنەگرتووە و وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رێژەی 30%ـی کۆی گشتی شایستە داراییەکانیان بۆ خەرجدەکات کە کۆی گشتی ئەو پارەی خەرجدەکرێت دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار.

وەک بەشێک لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی شایستە داراییەکانی ئەو توێژانەی پێشتر لەکاتی خۆیدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەلایەن کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پارەیان بۆ خەرجنەکراوە، کە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو، دوو لیستی دیکە راگەیەندرا، ئەمجارە بۆ جاری سێیەم لیستێکی دیکەی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی دەرچووان و کاندیدانی تواناسازی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڵاودەکرێتەوە.

هاوکات کۆی گشتی ئەو کاندید و دەرچووانەی بەرنامەی تواناسازی کە لە کابینەی نۆیەم سوودمەندبوونە لە راگەیاندنی سێ لیستی خەرجکردنی شایستە داراییەکان، زیاتر لە 200 کەسە و کۆی گشتی ئەو پارەیەشی خەرجکراوە، زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلارە.

بەرنامەی تواناسازی یەکێک بوو لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانی جیهان کە وەرگرتن لەو بەرنامەیە لەسەر بنەمای کێبڕکێ بوو، بەهۆی قەیرانی داراییەوە، لەلایەن کابینەکانی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، شایستە داراییەکانی بەشێک لە دەرچووان و کاندیدانی بەرنامەی تواناسازی لەکاتی خۆیدا خەرجنەکراوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دەرچووان و کاندیدانى تواناسازى ئەوانەى ناویان لە لیستى هاوپێچ هاتووە پێویستە لە رۆژی (4-12-2023) بە دواوە سەردانى دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى/ بەڕێوەبەرایەتى تواناسازی بکەن بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانە، (پشتگیری شوێنی کار کە بەردەوامە لە خزمەتی بێ پچڕان دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەکەی، ئەگەر کاندید (5) ساڵ خزمەتی کردبوو لە شوێنەکەی، ئەوا پشتگیری (5) ساڵ خزمەت لەگەڵ خۆی بهێنێت، ئەگەر کاندید خۆی ئامادە نەبوو بەهەر هۆکارێك، ئەوا وەکیلەکەی دەتوانێت سەردان بکات، ئەگەر کاندید لە کەرتی تایبەت بێت، پێویست دەکات خۆی ئامادەبێت).

بۆ بینینی لیستەکە ئێرە کلیک بکە.