د.سامان شاڵی: ئیسرائیل شەڕێکی دڕندانە دەکات و ناڕەزایی جیهانی لێکەوتۆتەوە

سامان شاڵی
سامان شاڵی

K24-هەولێر:

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پێی وایە ئاگربەستەکەی چەند رۆژەی نێوان ئیسرائیل و حەماس وای کرد هەردوو هێزەکە خۆیان باشتر کۆبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەی یارمەتی مرۆیی و تەندروستی گەیشتە هاووڵاتیان، بەڵام ئەگەری هەیە شەڕەکە فراوان بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی کانوونی یەکەمی2023)، د. سامان شاڵی، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند،  ئیسرائیل هەتا ئێستا نەیتوانیوە  ئامانجەکەی خۆی بپێکێ بە بنبڕکردنی حەماس لە غەززە، هەر لەبەر ئەوە بوردومانەکانی چڕتر کردۆتەوە و زیاتر لە پێنچ هەزار باڵەخانەی لە شارەکە رووخاندووە، تا ئێستا 400 سەربازیشی لێ کوژراون ، پێی وابوو، ئەوە گورزێکی بەهێزە لە شکۆی هەیکەلی سەربازی و ئەمنی  ئیسرائیلی.

ئەو شارەزایەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کشانەوەی سێ جومگە سەرەکیەکانی دروستکردنی ئاگربەستی غەززە کە پێکهاتبوون لە موساد سی ئای ئەی و حەماس و لە یەک دوور کەوتنەوەیان دوای حەوت رۆژ لە ئاگر بەستەکە، ئەگەری هەیە پلانێکی بەهێزتریان بۆ هێرشەکان داڕشتبێت.

د.سامان شاڵی پێی وابوو ئیسرائیل هەڕەمەکی هاتۆتە نێو شەڕەکە، بەڵام ئاگربەستەکە وای کرد ئیسرائیل و حەماس خۆیان باشتر کۆ بکەنەوە، هەرچەند یارمەتییە مرۆییەکان گەیشتنە خەڵکەکە و نەخۆشخانەکان لە کەرتی غەززە کە  بۆ حەماس  هەنگاوی باشبوون.

شارەزاکەی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان رایگەیاند، لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەکە،  ئەمریکا و زۆرینەی وڵاتانی جیهان پشتیوانی ئیسرائیلیان دەکرد، بەڵام کە زانیان ئیسرائیل خەڵکی سڤیل لە غەززە بە ئامانج دەگرێت، رایەکان گۆڕان و پارچە پارچە بوون و لە وڵاتان خۆ نیشاندان دەستیپێکرد، گوتیشی: لەنێوخۆی ئیسرائیل  رای دژ بە شەڕەکە هەیە، سیاسیەکانی رۆڵیان لە جەنگدا هەبووە، هیچ رۆڵێکی دیکەیان پێنادرێتەوە لە سیاسەتی ئیسرائیلدا.

لەبارەی ناڕەزایی وڵاتان لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کوشتنی خەڵکی سڤیل و بەتایبەت منداڵان، د.سامان شاڵی گوتی:  گوتارو ناڕەزایی وڵاتان لە شەڕی ئیسرائیل بۆ غەززە و کوشتنی منداڵان هیچ کاریکەری بەسەر ئیسرائیل و هێرشەکانی نابێت، چونکە ئیسرائیل بەشێوەیەک هێرش دەکات زۆر دڕندانەیە، ئیسرائیل هیچ ژمارەیەک لە کوژراوانی فەرماندە و سەرکردەکانی حەماس ئاشکرا ناکات وەک ئەوەی حەماس ئاشکرای دەکات، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت ژێرخانی غەززە وێران بکات، پرسیار ئەوەیە، ئەوە هەتا کەی، ئەوە شەڕی ئینسانیەتە ، ئێمە لە چاوی کارەساتەکانی بەسەر گەلی کوردستاندا هاتووە لە کیمیاباران و ئەنفال سەیری رووداوەکانی غەززە دەکەین، ئەو جەنگەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە رووی سەربازی و ئابووریشەوە زیانێکی گەورە لە ناوچەکە دەدات.

لەبارەی ئەگەری فراوانبوونی جەنگەکە، د.سامان شاڵی پێی وابوو، ئێران بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، خۆی کردۆتە خاوەنی شەڕەکە و دەتوانێ لە سوریاوە شەڕەکە فراوان بکات، بەڵام ئەمریکا لە دەریای سپی ناوەڕاست وەستاوە لەپێناو ئەوەی شەڕەکە تەشەنە نەکات، ئەوەی زەرەرمەند دەبێت تەنها خەڵکی سڤیلە و ئێران هیچ زەرەرمەند نابێت.

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زیاتر لە 400 پێگەی حەماسیان لە کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.

راشیگەیاند، حەماس زیاتر لە 250 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.

جه‌نگی ئیسرائیل – حه‌ماس له‌ حه‌وتی ئۆكتۆبه‌ری رابردوو هه‌ڵگیرسا، بووه‌ هۆی كوژرانی 1400 ئیسرائیلی و 15 هه‌زار فه‌ڵه‌ستینی له‌ كه‌رتی غه‌ززه‌، كه‌ زۆربه‌ی كوژراوه‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌كان ژن و منداڵن، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ئیسرائیل به‌ڵێنی داوه‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس له‌ناو ببات.

کارزان حەیدەر