وەزیری تەندروستی کێشەی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ  چارەسەر دەکات

سامان بەرزنجی-وەزیری تەندروستی
سامان بەرزنجی-وەزیری تەندروستی

K24-هەولێر:

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی، سەردانی نەخۆشخانەی قەڵادزێ دەکات و بڕیاری دابینکردنی پێویستییەکانی دەدات لەپێناو باشترکردنی رەوشی چارەسەری لە دەڤەرەکە.

ئەمڕۆ یەکشەممە(3-ی کانوونی یەکەمی 2023)، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کردووە، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی بۆ بەدواداچوونی کێشەکان، چۆتە نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی پێداویستیەکانی داوە.

بە پێی راگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی، د.سامان بەرزنجی هاوڕێ لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و قایمقامی پشدەر و بەرێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین، نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێی بەسەرکردۆتەوە و لە کێشەو گرفت و پێویستیەکانی کۆڵیوەتەوە، دوای ئەوەش بڕیاری پێویستی داوە بۆ دابینکردنی پێویستیەکانی نەخۆشخانەکە وەک پاڵپشتییەک بۆ باشترکردنی رەوشی چارەسەری نەخۆشان.

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاسی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێی کردووە لە بەرامبەر ئەو خزمەتە تەندروستیەی پێشکەشی هاووڵاتیانی دەکەن لە دەڤەرەکە.

کارزان حەیدەر